له‌ دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم تۆمارده‌كرێت

کوردستان
16:56 - 2024-10-29



ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لەدادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر سەرۆکی حکومەت و هەردوو وەزیری ناوخۆ و دارایی هه‌رێمی كوردستان تۆمار دەکات بە هۆکاری ئەوەی رێگری دەکەن لە تەوتین کردنی مووچەخۆرانی هەرێم، کە بڕیاڕی دادگای فیدراڵییە.

رۆژی 21-2-2024 دادگای فیدراڵی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لەنێوان هەردوو حکومەتی هەولێرو بەغدادا بڕیاریدا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم تەوتینیان لەیەکێک لە بانکە حکومیەکانی عیراق بۆ بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش وەک مووچەخۆرانی عیراق مووچەکانیان بە نیشتمانیی بکرێت، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رێگری لەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دەکرێت و ئیدارەی پارێزگای سلێمانیش لە دژی ئەو رێگرییە سکاڵا تۆمار دەکات.

هەروەها لە بڕیارەکەدا کە ئیمزای جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لەسەرە هاتووە، 'پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەك مووچەخۆرانی عیراق بەنیشتمانی بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم هەماهەنگی زیاتر بكەن، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچەكانیان پێبدرێت، هەروەها ئەو پارەیەی كە بۆ هەرێم دەنێردرێت نابێت بە شێوەی قەرز بێت'.

لەچوارچێوەی رێگرییەکانی تەوتینیشدا لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لەدادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر سەرۆکی حکومەت و هەردوو وەزیری ناوخۆ و دارایی تۆمار دەکات بە هۆکاری ئەوەی رێگری دەکەن لە تەوتین کردنی مووچەخۆرانی هەرێم، کە بڕیاڕی دادگای فیدراڵییە.

بەپێی زانیارییەکان ئیدارەی پارێزگای سلێمانی لە ئەمڕۆوە دەستیان بە جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی کردووە، چونکە هەر دژایەتیکردنێکی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بڕیاری دادگاکە و دژی یاسایە.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی موچەخۆرانی هەرێمەوە، هەموو فەرمانگەیەک دەتوانێت توتینی مووچەی فەرمانبەرەکانی بکات بێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و دەبێت بانکە فیدراڵییەکانی کارئاسانی تەواو بکەن بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆران.

دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە لەنێوان بەغدا و هەولێردا بڕیاریداوە مووچەخۆرانی هەرێم لە یەكێك لە بانكە حكومییەكانی عیراق تەوتینیان بۆ بكرێتەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی لیستی مووچەی حكومەتی هەرێم لە ناوی مردو و دووبارە و بندیوار پاك بكرێتەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت لەژێر ناوی (هەژماری من) پڕۆژەیەكی بۆ بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم راگەیاند كە تەواو پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە و ئەو بانكانەی لە سیستمەكەدا هەن ئەهلین و هیچ گەرەنتییەكیان نییە و هەركاتێك ئیفلاسیان كرد مووچەی مووچەخۆران تێیدا دەفەوتێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP