بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دووەمین رۆژی دیداری مێری- دا گەیشتە دیدارەکەو بەشداری پانێڵی (پەرەسەندنی داینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان: لە چوار ساڵی داهاتوودا چاوەڕوانی چی بکەین؟) کرد و خوێندنەوەی سیاسی و پێشهات و چارەسەرەکانی خستەڕوو رایگەیاند:" هەرگیز لەبەڵێنەکانمان پەشیمان نابینەوە، یەکێتی لەڕکابەری ناترسێت و هەموومان پێویستمان بەیەکترییە و دەبێت رێزلەیەکتر بگرین"
سەرۆک بافڵ بەشداری دووەمین رۆژی دیداری مێری کرد و لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی (پەرەسەندنی داینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان: لە چوار ساڵی داهاتوودا چاوەڕوانی چی بکەین؟) کرد و رایگەیاند:"لەم سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتی کە ماوەی دوو ساڵە هەیە، گۆڕانکاری گەورەمان کردووە و هاوسەنگی هێزمان رێککردووەتەوە و کۆتایمان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن هێناوە و سەردەمی ٥٠+١ کۆتایی هات و هەڵبژاردنێکی زۆر باش بەڕێوەچوو".
راشیگەیاند:" وەک یەکێتی لەبانگەشەی هەڵبژاردن سەرکەوتوو بووین، ئێمە هانی هاووڵاتیانمان دا بۆ ئەوەی بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئازادانە دەنگ بدەن، لەوەش سەرکەوتوو بووین، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە هەموو وڵاتێک پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزە".
سەرۆک بافڵ: یەکێتی لەڕکابەری ناترسێت
لە پانێڵەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشدا:" یەکێتی لەڕکابەری ناترسێت، بەڵام هەموومان پێویستمان بەیەکترییە و دەبێت رێز لەیەکتر بگرین و بارودۆخێک دروستبکەین کە لایەنەکان لەبری ئەوەی پێیان شەرم بێت بەشداری حکومەت بکەن، بێنە ناو حکومەت و گۆڕانکاری بکەن و ئێمە ئامادەی دانوستانین لەگەڵ لایەنەکان هەرچەندا ئاسان نییە".
هەر لە پانێڵەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی:"ئێمە وامانکردووە خەڵک زیاتر متمانەی پێمان هەبێت و هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن دەنگەکانمان زیاد دەکات و لەئێستاوە ئامادەین بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە".
بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەرگیز لەبەڵێنەکانمان پەشیمان نابینەوە
راشیگەیاند:"یەکێتی تێبینی هەیە و پێداچوونەوە بە بارودۆخەکەدا دەکەین، هەرگیزیش پەشیمان نابینەوە لەو بەڵێن و قسانەی کە کردوومانە، لەگەڵ ئەوەشداین خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە دامەزراوەکان نەماوە، بۆیە پێویستە دامەزراوەی راستەقینە دروستبکەین نەک بیروبۆچوونی کەسێک دامەزراوەیەک بەڕێوەببات".
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد:" هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی ٩ خراپ نەبوو، چونکە سیاسەتیكی هەڵەی تێدا جێبەجێکرا".
سەرۆک بافڵ: پێویستە دان بەهەڵەکانی رابردووماندا بنێین
وتیشی:" زۆر کەموکورتی هەیە دەبێت چاکبکرێتەوە و پێویستە دان بە هەڵەکانی رابردووماندا بنێین و ئەمڕۆ لەدوێنێ باشتر بکەین"
سەرۆک بافڵ راشیگەیاند:"وەزیری دارایی ئاگاداری هیچ داتایەکی فرۆشتنی نەوت نییە و کەس نازانێت پرۆسەی فرۆشتنی نەوت چۆنە، پێم وانییە بەباسکردنی داهاتی نەوت یەکڕیزی کورد تێکبچێت ".
سەرۆک بافڵ:پارتی نایەوێت هێزەکانی پێشمەرگە یەکبگرنەوە
ئاماژەی بەوەشکرد:"یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستبوونی هێزێکی کوردستانی بەرنامەی مام جەلال بوو، بەڵام پارتی لەپێناو بەرژەوەندی خۆی ئەمەی ناوێت، بەڵکو دەیەوێت زاڵبێت بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا، کە ئەمە دژی ئەو رێککەوتنەشە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان کردویانە".
سەرۆک بافڵ: لەگەڵ ئەو لایەنە رێکدەکەوین ئامانجی خزمەتکردن بێت
لەکۆتایی قسەکانیشدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتی:" یەکێتی ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەنێک رێکبکەوێت کە ئامانجی خزمەتکردنی میللەت بێت و هیوادارین رۆژێک پەرلەمان و حوکمەتێکمان هەبێت کە شانازی پێوە بکەین، رێکخستنەوە ئامانجی سەرەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و کاتی گۆڕانکارییە بۆ ئەمەش چاوەڕێی ئامادەی رێککەوتنین بەڵام چاوەڕێی کەسیش ناکەین".
دیداری مێری چالاكیەكی ساڵانەی ئینستیتیوتە کە سیاسەتمەدارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی ئەکادیمی و سەرکردەکانی بۆچوون و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنووسان و دیپلۆماتکاران کۆدەکاتەوە، ئەویش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی کە ئەولەویەتی لوتكەیین و کاریگەرییان لەسەر هەرێمەکەمان هەیە و چارەسەر بۆ بڕیاردەران پێشکەش دەکەن.
ئامانجی کۆڕبەندەکە بریتییە لە برەودان بە ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی بەشداریکردن و دیالۆگ و وەبەرهێنانی پێكەوەیی.
دیداری مێری 2024 لە دەوری ئەولەویەتەکانی سیاسەتی هەنووكەیی عێراقدا دەخولێتەوە، لەگەڵ داینامیکی هەرێمی هەمیشە گۆڕاو و ئەو دەرفەتانەی کە بەردەستن بۆ بەشداریکردن و هاریکاری نێودەوڵەتی، کۆمەڵێک تەوەری بابەتیی بۆ دیبەیتی پۆڵەسی و شیکاری قووڵ هەڵبژێردراون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP