سه‌رۆك بافڵ: دەنگی من و كاك قوباد ساختەكراوەو دەینێرم بۆ دادگای نێودەوڵەتی

کوردستان
16:48 - 2024-10-30


بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت: "بڕیارمان نەداوە لەگەڵ كێ حكومەت پێكدەهێنین و لەوەی كردوومانە زۆر رازین"، وتیشی: "دەنگی من و كاك قوباد ساختەكراوەو دەینێرم بۆ دادگای نێودەوڵەتی و هەر بەرپرسێكیش دەستی لەو بابەتەدا هەبێت دەیدەین بە دادگا".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ میدیاكان رایگەیاند: "دەنگی من و كاك قوباد ساختەكراوەو لەباشترین كۆمپانیای دنیا دەیسەلمێنین كەساختەیە، ئەو دەنگەش دەنێرم بۆ دادگای نێودەوڵەتی و هەر بەرپرسێكیش دەستی لەو بابەتەدا هەبێت دەیدەین بە دادگا".

راشیگەیاند: "هەژماری من نەماوە، پێشتریش پڕۆسەی هەژماری من دەنگی لەسەر نەدراوە هەربۆیە بڕیاریشی لێنەدراوە، بەڵام تەوتین بڕیاری دادگای لەسەر دراوەو مووچەخۆر ئەگەر دەیەوێت مووچەكەی وەربگرێت دەبێت خۆی بانكەكەی هەڵبژێرێت نەك ناچاربكرێت بانكێكی دیاریكراو هەڵبژێرێت".

لەبارەی پێكهێنانی حكومەتیشەوە رایگەیاند: "تاوەكو ئێستا بڕیارمان نەداوە لەگەڵ كێ حكومەت پێكدەهێنین، چاودێری دۆخەكە دەكەین و ئەوەی كردوومانە زۆر لێی رازین"، وتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵە  تێگەیشتووە دەبێت ئەوان بێنە لای ئێمەو بزانن چی فەرزدەكەین بەسەریاندا".

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: "من كۆتری ئاشتیم و ئامادەم بۆ پڕۆسەی ئاشتی".

ئەم وتانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ میدیاكان، لەدوای بەشداریكردنی هات لەپانێڵی (پەرەسەندنی داینامیكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان: لە چوار ساڵی داهاتوودا چاوەڕوانی چی بكەین؟) لە دووەمین رۆژی دیداری مێری.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP