چوامینى پاڵپشتییەکانى لەدەستداوەو ئێستا ریاڵ مەدرید چاوەڕوانى ئۆفەرى گونجاوە !

وەرزش
14:10 - 2024-10-31

چوامینى پاڵپشتییەکانى لەدەستداوەو ئێستا ریاڵ مەدرید چاوەڕوانى ئۆفەرى گونجاوە !
ئاکۆ بیبانى

ئۆریلین چوامینى فەرەنسى و یاریزانیى هێڵى ناوەندى بەرگرى یانەى ریاڵ مەدرید گلۆڵەى ئاستى داویەتى لە لێژى و خەریکە هێدى هێدى خۆرى لە ریاڵ مەدرید بەرەو ئاوابوون بچێت ، چوامینى لە ئاست چاوەڕوانییەکانى ئیدارەى یانەى شاهانە نیە و بە شایەنى 80 ملیۆن یۆرۆى نازانن ، چییتر یاریزانە فەرەنسییەکە جێگاى متمانە و دڵنایی نیە .
 لەدوای ئەوەى تۆنى کرۆس بڕیارى وازهێنانى یەکجارى دا ، ماڵى ریاڵ مەدرید شێواو شیرازەى بەتەواوى تێکچوو !  بەجۆرێک پەرتەوازە بوون بەهیچ کەسێک کۆنا بنەوە ، سەرەتا ئەنچیلۆتى راهێنەر پەناى برد بۆ چوامینى و پێى وابوو چەترى ئارامى دەبێت بۆ هێڵى ناوەند و بەرگرى بەڵام ووردە ووردە خاڵە لاوازەکانى ئەو یاریزانە دەرکەوت و چەندین هەڵەى زەقی تەکتیکى ئەنجام داوە ئەمەش بۆتە هۆکارى ئەوەى وەک رابردوو لەلایى  ڤاڵدێبیباس بەنازو گوێ لێگراو نەبێت.
 گەر لە پێشوودا یاریزانەکە،  متمانەپێکراوى ئەنچیلۆتى بوبێت ئەوا ئێستا بەهۆى دابەزینى ئاستییەوە هەموو هاوکێشەکان گۆڕاون ! ئێستا لە ماڵى شاهانە بەدەنگى بەرز باس لە خاڵە لاوازەکانى دەکرێت ، ئەمەش بووە هۆکارى ئەوەى لە چامپیۆنزلیک بەرامبەر بە بروسیا دۆرتمۆند پشووى پێ بدرێت و لە کلاسیکۆش گۆڕانکارى یەکەمى یانەکەى بێت ، چوامینى لەو هێڵەدا نەیتوانیوە باڵا دەست بێت و هەیمەنەى خۆى بسەپێنێت ، ئاسان نیە یاریزانێکى چەشنى کاسیمیرۆ بۆ ریاڵ مەدرید دروست بێتەوە ، چوامینى بۆشایی زۆر جێدەهێلێت و یاریزانان بە ئاسانى دزە دەکەن لە کلاسیکۆش باشتر تواناکانى دەرکەوت .
ئێستا ئیدارەى یانەى شاهانە ئامادەیە پێشوازى لە هەر ئۆفەرێک بکات بۆ گواستنەوەى ئەو یاریزانە و پێیان وایە ناتوانێت سەرکردایەتى پرۆژە درێژخایەنەکەى شاهانە بکات بۆ چەند ساڵێکى تر ، بەشێک لە ئیدارەى یانەکە ناکۆکن لەسەر بەشداریپێکردنى چوامینى یاخود کامافینگا ، پێرێز و ئیدارە لەگەڵ ئەوەدان کاما یاریزانى سەرەکى بێت ! هێشتا ئەنچیلۆتى بەتەواوى نائومێد نەبووە لە چوامینى و بە یاریزانێکى کاریگەرى دەزانێت ، بەشێکى دیکەش ئەو دوو یاریزانە بە جێگرەوەیەکى باش نازانن و واژۆ کردنى بۆند لەگەڵ رۆدری کە خودى خۆى ئیسپانیە و دوو رۆژى رابردوو خەڵاتى تۆپى ئاڵتونى بردەوە بە باشترین بژاردە دەزانن بۆ ئەوەى تیمارى هێڵى ناوەندى بەرگرى یانەکە بکات و لەداهاتوودا هێز ببەخشێتەوە بەو پێگەیە کەلە ئێستادا خاڵى لاوازى یانەى ریاڵ مەدریدە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP