رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت: "سەرژمێری گشتی لەعیراق گرنگ و چارەنوسسازە بۆ گەلەكەمان تایبەت بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، چونكە پڕۆسەكە هەنگاوێكە بۆ دیاریكردنی شوناسی كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان" ، بۆیە بە پێویستی دەزانێت: "هەموومان وەك ئەركێكی نیشتمانی و پیرۆز بەشداری لەم پڕۆسەیەدا بكەین".
رەفعەت عەبدوڵڵا لەپەیامێكیدا كە بەبۆنەی دەستپێكردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لەعیراق ئاڕاستەی كۆمەڵانی خەڵك بەگشتی و كەركوكییەكان و دانیشتوانی ناوچەكوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی بەتایبەتی كردووە دەڵێت: "با لەڕۆژی سەرژمێری گشتیدا كوردبوونی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان بسەلمێنین" و دەڵێت: " ئەركە لەسەر هەموو خێزانێك و تاك بەتاكی كەركوكییەكان و خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان كە ئاوارەی هەرشارێكن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەوەی كوردستانیبوونی كەركوك و ناوچەدابڕێندراوەكان بسەلمێنین" .
رەفعەت عەبدوڵڵا ئەم پڕۆسەی سەرژمێرییە بە چارەنوسسازو یەكلاكەرەوە بۆ ناسنامەی كەكوك و ناوچەكوردستانییەكانی دیكە دەزانێت و رایدەگەیەنێت: "كوردستانیبوونی كەركوك بەندە بەگەڕانەوەی تۆی كەركوكی و دانیشتوانی ناوچە دابڕێندراوەكانی تر، ئەمەش ئەركێكی پیرۆزی نەتەوەی و نشتیمانییەو ئایندەی میللەتەكەمان دیاری دەكات" بۆ ئەوەش وتەیەكی سەرۆك مام جەلال بەبیرهەموان دەهێنێتەوە كە دەڵێت: "كەركوك قودسی كوردستانەو تا كوردێك مابێت دەست لەكەركوك و ناوچەی كەركوك هەڵناگرێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP