وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژە رایدەگەیەنێت: "لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەئەمڕۆوە رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگی 11 ی مووچەخۆرانی هەرێم دەگرینەبەر"، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر بڕی 761 ملیار دیناری وەك شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 10 ناردووە.
ئەمڕۆ یەك شەممە 15-12-2024، كۆبوونەوەی وەفدی دارایی هەرێم و عیراق لەبەغدا بەڕێوەچوو و لەدوای كۆبوونەوەكەش وەزارەتی دارایی عیراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كەتێیدا هاتووە: "لەگەڵ ئەوەی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆران بۆ هەرێم نێردراوە، هاوكات تەئكید لەوەفدەكەی هەرێم كراوەتەوە كەپێویستە مووچەی مانگی 10 دابەش بكەن".
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە: "لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، رێكاری پێویست بۆ ناردنی مووچەی مانگی 11 ی مووچەخۆرانی هەرێم لەئەمڕۆوە گیراوەتەبەر".
ئاماژە بەوەشدراوە: "لەكۆبوونەوەكەی وەفدی دارایی هەرێم و عیراقدا رێككەوتن كراوە كەوەفدێكی دارایی عیراق سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێم بكات، بەئامانجی هاوكاریكردنیان لەهەواركردنەوەو پێداچوونەوەی خشتەی خەرجییەكانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان".
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی عیراق: "لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق، بڕیاردراوە بەناردنی 430 ملیار دینار بۆ چارەسەركردنی شایستە داراییەكانی خانەنشینانی هەرێم".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP