سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: داواکاری حکومەتی هەرێم دەگەیەنرێتە بەغدا

کوردستان
17:21 - 2025-01-11

دوای چوار سەعات کۆبوونەوەی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کۆتایی هات و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵیت: " لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کورد بەیەکدەنگ داوای ماف و شایستەکانی بکات و بۆ ساڵی ئایندەش پێویستە حکومەتی عیراق پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت نەک مووچە بنێرێت".

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند:" لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی حکومەتی هەرێم و بەشێک لەسەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە کورد لە بەغدا یەکهەڵوێست بێت بە تایبەت لەسەر ماف و شایستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

" لەکۆبوونەوەکەدا هەموو لایەک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەرەنتی مووچە لە بودجەدا بکرێت و هەر بڕگەیەکی بوودجە کە هەمووار دەکرێتەوە، پێویستە گوێ لە داوای کورد بگیرێت" هەرێم کەمال ئاغا وایوت.

هەروەها راشیگەیاند:" پرسی پشکی هەرێم لە ساڵی ئایندەدا یەکێکی دیکە بوو لە تەوەری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە و حکومەتی هەرێم داوای کرد لە ساڵی 2026دا حکومەتی عیراق بودجە بۆ هەرێم بنێرێت نەک مووچە،چونکە بەپێی دەستور هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و پێویستە وەک هەرێمێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت نەک وەک پارێزگایەکی عیراق".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا راشیگەیاند "بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی هەرێم بێت، هەتا ئێستا حکومەتی عیراق 7%ی وەک پشکی هەرێم ناردووە، لە کاتێکدا بە پێی نوێترین سەرژمێری دانیشتوان کە لە ساڵی رابردوودا لە عیراق ئەنجامدرا رێژەی دانیشتوانی هەرێم زیاتر لە 14%ی کۆی دانیشتووانی عیراق پێکدەهێنن".

ئاماژەی بەوەشدا " یەکێک لە پرسە گرنگەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، لەم روانگەیەشەوە داوا کرا حکومەتی عیراق پەلە بکات لە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەمەش ئەو زیانەی بەر عیراق کەوتووە لە هەناردەی نەوت کەم دەبێتەوە و دەشتوانرێت بەپێی ماف و شایستەکان مافە داراییەکانی هەرێم دەستەبەر بکرێت".

لەکۆتایی وتەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا رایگەیاند: "نەناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ عیراق لە کۆبوونەوەکەدا بەسترایەوە بەوەی کە حکومەتی عیراق پابەندی خۆی بەرامبەر بە هەرێم جێبەجێنەکردووە و حکومەتی هەرێمیش لە بەرامبەردا ئەو داهاتەی بۆ کورتهێنانی مووچە خەرج کردووە، هاوکات ئێمە بە گرنگی دەزانین نەک تەنها لە بەغدا ، بەڵکو پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لە نێوان لایەنەکاندا هەبێت،بۆ ئەوەی دواجار رەنگدانەوەی لەسەر یەکهەڵوێستی کورد لە بەغدا هەبێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP