حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

کوردستان
11:33 - 2025-01-13

حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، "حکومەتی عیراق بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستوورییەکانی خۆی دزیوەتەوە"، راشیگەیاندووە، دەبوو بەر لە ٢٠٠٥ ریفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامبدرایە و ئێستاش دەیەوێت گرێبەستی نەوت و گاز ئیمزا بکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەستوور.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٠٥، دەبێت پڕۆسەی ریفڕاندۆم لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکومەتی فیدڕاڵی پابەندکراوە پێش ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ ئەو پڕۆسەیە جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "چ پێش ئەو ڕێککەوتە، چ لەو ٢٠ ساڵەی رابردوودا، سەرجەم حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم شکستیانهێناوە".
ئەوەشیخستووەتەڕوو، ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان و لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، داواکاری رەوای ئەم ناوچانە دەکات.
راشیگەیاندووە، "بەپێی هەردوو مادەی ١١٠ و ١١٥ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، مافی رەها و تاکلایانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات، هاوکات، ماددەی ١١٢ ئاماژە دەدات حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ کێڵگەی نەوت و گازە پێشوو دۆزراوەکان (کۆنەکان) بەهاوبەشیی بەڕێوەببەن.
دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم بەردەوام ئامادەبووە بەشداربێت بۆ ئەم رێککەوتنانە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیاریەتییە دەستوورییەکانی خۆی دزیوەتەوە، ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز ئیمزا بکات، بەبێ ئەوەی ماددەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو ماددەی ١٤٠ و ١١٢، لەبەرچاو بگرێت".
حکومەتی هەرێم هۆشداریشدەدات و دەڵێت، "حکومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت، بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێت، بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکوک".


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP