دەنگۆی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکرێتەوە و وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەڵێت:" تائێستا بەهیچ شێوەیەک لەنێوان یەکێتی و پارتی باسی دابەشكاری پۆستەکان نەکراوە".
سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی دەکەن، دوورن لەڕاستییەوە و هەتا ئێستا لەهیچ کۆبوونەوەیەکدا یەکێتی و پارتی باسیان لە دابەشکاری پۆستە حکومییەکانی کابینەی داهاتوو نەکردووە".
" لەنێوان یەکێتی و پارتی لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ دارشتنی پرۆژەیەکی هاوبەش، بۆ شێوازی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان، هاوکات پاش ئامادەکردنی پرۆژەکە و پەسندکردنی لەلایەن هەردوولاوە، دواتر گفتوگۆی دابەشکاری پۆستەکان دەستپێدەکات"، سەمیر هەورامی لەکۆنگرەکەدا وایوت.
سەبارەت بە داواکردنی یەکێتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرەی گەل،بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەو دەنگۆیەش راست نییە".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP