عیراق مامەڵەی خانووبەرە لەسەروو 100 ملیۆن دینار بە پارەی کاش قەدەغە دەکات

عێراق
15:15 - 2025-01-18



بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکی رەسمیدا کە ئاڕاستەی بەشی تۆماری خانووبەرەی کردووە، هەموو مامەڵەیەکی خانووبەرە بە پارەی کاش قەدەغە دەکات کە بڕه‌كه‌ی لەسەروو 100 ملیۆن دینارەوە بێت، بەپێی میکانیزم و ڕێنماییە نوێیەکەی ئەو بانکە، پێویستە ئەو خانووبەرانەی یاساکە دیانگرێتەوە تەنیا لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بفرۆشرێن.

پسپۆڕانیش دەڵێن بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق سەبارەت بە میکانیزمی فرۆشتنی خانووبەرە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سپیکردنەوەی پارە دەبێت، چونکە زۆربەی پارەی گەندەڵی بۆ کڕینی خانووبەرە دەگوازرێتەوە.

دەشڵێن ئەو میکانیزمە نوێیەی بانکی ناوەندی نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە، بەپێچەوانەوە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی، ئەگەر بریارەکەش وەک خۆی جێبەجێ بکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت. 

لەدوای ساڵی 2005ـەوە نرخی خانووبەرە لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە هەندێک شوێنی بەغدا، نرخی یەک مەتر چوارگۆشە زەوی گەیشتووەتە سێ هەزار دۆلار.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP