د.خالد شوانی: ئه‌و یاسایه‌ی 20 ساڵه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین په‌سه‌ندكرا

عێراق
18:12 - 2025-01-21

ئەمڕۆ 21-1-2025 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی پەسەند کرد، وەزیری دادی عیراقیش دەڵێت: "پڕۆژە یاساکە زیان لە هیچ لایەنێک نادات و ئەوانەی زیانیان پێدەگات قەرەبوو دەکرێنەوە".

خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند:" ئەمرۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی بەعسی پەسەندکرد، کە تایبەتە بە گەڕانەوەی موڵک و ماڵی ئەو جوتیارانەی کەبەهۆی بڕیارەکانی بەعسەوە لێیان داگیرکرابوو، کە زیاتر ناوچە جێناکۆکەکان لێی زەرەر مەندبوون".

"ئەم پڕۆژە یاسایە هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە کە خۆی لە 9 بڕیار دەبینێتەوەو لە ساڵی 1976 بەدواوە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمانی پێداگیر کراوە"، خالید شوانی وادەڵێت.

وەزیری دادی عیراق راشیگەیاند: "سوپاسی سەرۆکوەزیران و تێکڕای ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران دەکەم، کە بە تێکڕا دەنگیان بە پرۆژە یاساکە داو هەر ئەمڕۆش توانرا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت".

راشیگەیاند: "ئەو یاسایەی زیاتر لە 20 ساڵە کاری لەسەر دەکەین، هەڵوەشاندنەوەی دەستکەوتێکی گەورەیە کە دەیان ساڵە بەو یاسایە زوڵم لە جوتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت، بەدەرچوونی یاساکەش بەشێکی گەورەی پڕۆسەی بەعەرەبکردن کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو جێ بەجێکراوە هەڵوەشایەوە".

لە کۆتای وتەکانیشیدا خالید شوانی وەزیری داد رایگەیاند: "پرۆژەکە بە شێوەیەک دەرچووە کە زیان بە هیچ پێکهاتەیەک لە ناوچە جێناکۆکەکان ناگەیەنێت و ئەوانەشی بەهۆی ئەم یاساییەوە زیانیان پێدەگات قەرەبوو دەکرێنەوە". 
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP