نزیكەی 17 هەزار مامۆستاو فەرمانبەری خوێندنی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان هەوڵی گواستنەوەی راژەكانیان بۆسەر حكومەتی فیدراڵ دەدەن و تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەحكومەتی فیدراڵ پشتیوانیانە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك-یش دەڵێت: "بەپێی ماددەی 140 مافی خۆیانە گواستنەوەی راژە بكەن و ناكرێت ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە بكرێنە قوربانی ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغدا".
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەفراكسیۆنی یەكێتی بەوێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "نزیكەی 17 هەزار مامۆستاو فەرمانبەر لەناوچە جێناكۆكەكان كە حەوت هەزار و 445 مامۆستا و فەرمانبەریان لەكەركوكن، مووچەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەو نزیكەی شەش ساڵە ئارەزومەندانە هەوڵی گواستنەوەی راژەكانیان بۆ سەر حكومەتی فیدراڵ دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند رۆژی رابردوودا نوێنەریان چووەتە بەغداو لەگەڵ وەزیرانی پەروەردەو دادی عیراق كۆبوونەتەوە".
"لەبەر ئەوەی بەشێك لەو مامۆستاو فەرمانبەرانە دانیشتووی كەركوكن و لەسەردەمی رژێمدا راگوێزراون، بەپێی ماددەی 140 مافی خۆیانە هەوڵی گواستنەوەی راژەكانیان بۆ سەر حكومەتی فیدراڵ بدەن، هاوكات ناكرێت ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە لەڕووی كارگێڕیی و تاقیكردنەوەو پشووەوە سەر بەحكومەتی عیراق بن و لەڕووی مووچەو شایستەی دارایی و خانەنشینیشەوە سەر بەحكومەتی هەرێمبن و ببنە قوربانی ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغدا" پەروین فاتیح وادەڵێت.
راشیگەیاند: "وەك ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و لەڕێگەی نوێنەرانی یەكێتییەوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و وەزیرەكانی یەكێتی و بەتایبەت د. خالید شوانی وەزیری دادی عیراقەوە هەوڵی جددیمان بۆ جێبەجێكردنی داواكاری مامۆستاو فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی داوەو پشتویوانیانین، چونكە مافی خۆیانەو كەس بۆی نییە رێگریان لێبكات".
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتیشی: "مامۆستاو فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لەكاتی گواستنەوەی راژەكانیاندا بۆسەر حكومەتی فیدراڵ گرفتی خانەنشینیان بۆ دروست دەبێت، چونكە حكومەتی هەرێم سندوقی خانەنشینی نییەو ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی مانگانە بۆ خانەنشینی لە مامۆستا و فەرمانبەرانی بڕیوە تەسلیمی حكومەتی فیدراڵی نەكات، ئەوا دەبێت ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی راژەكانیان دەگوازنەوە بەشێوەی قیست ئەو بڕە پارەیە بۆ خانەنشینی بدەنەوە بەحكومەتی فیدراڵ".
پەروین فاتیح وتیشی: "حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بەسەرجەم بڕگەكانی یاسای خانەنشینی و پاداشتی وەك یاسای خانەنشینی حكومەتی فیدراڵ نییە، هاوكات لەرابردوودا 7% ی مووچەی بۆ خانەنشینی دەبڕی بەڵام ئێستا هاوتای عیراقی كردووەتەوەو كردوویەتی بە 10%".
راشیگەیاند: "لایەنێكی سەر بەدەسەڵات لەو شوێنانەی كەسەرپەرشتی خوێندنی كوردی دەكات رێگرە لەگواستنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و رایگەیاندووە، فۆڕمیان بۆ پڕكردنەوەی گواستنەوەی راژە نییە، ئەمەش دەریدەخات هیچ شارەزاییەكیان لەیاسادا نییە، چونكە كەس بۆی نییە رێگری لەو مامۆستاو فەرمانبەرانە بكات و بەپێی یاسا مافی خۆیانە".
ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی 28-11-2024، دەستەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لەكەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، داوای گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردیان بۆ سەر میلاكی حكومەتی فیدراڵی بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی كردو راشیانگەیاند: "هەر بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی تاوەكو گواستنەوەی راژەكانیان، پێویستە مووچەكانیان لە یەكێك لە بانكەكانی رەشید و رافیدەین تەوتین بكرێت
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP