وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان، رایگەیاند:" لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەبن و بەپێی یاسای خانەنشینی عیراق پێویستە مووچەی ساڵێک بە تەواوی دەرماڵەکانەوە وەربگرن".
سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه:"بە بڕیارەکەی ئەمجارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەبن ،هەروەها بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی ئەم خانەنشینانە لە 31ـی12وە لەکارترازانیان بۆ دەکرێت و لەرۆژی 1ـی 1ـەوە دەچنە سەر میلاکی خانەنشینی ،بۆیە ئەوان لە سەرەتای ساڵەوە بە خانەنشین ئەژمار دەکرێن، جا هەر کاتێک مامەڵەکانیان تەواو ببێت،بەڵام لە دایک بووانی ساڵی 1965 کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە لە چ رۆژێکدا لە دایک بووبێت،ئەوا لەو رۆژەی ساڵی 2025دا خانەنشین دەکرێن".
"بڕیاردراوە کە ناوەکانیان لە لیستی مووچەی مانگی یەکدا دەربهێنرێت و ئەم مانگە وەک خانەنشین مووچە وەردەگرن، بۆیە ناردنی لیستی مووچەی مانگی یەک بەهۆی دەرکردنی لیستی خانەنشینانەوە ئەگەری هەیە دوابکەوێت". سادق عوسمان وایوت.
لە کۆتایشدا رایگەیاند" پێشتر هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014وە کاری بە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006 دەکرد کە لە عیراقدا هەڵوەشاوەتەوە،بەڵام بەپێی یاسای ژمارەی 9ی عیراقی پێویستە خانەنشینبووەکان مووچەی ساڵێک وەربگرن بە تەواوی دەرماڵەکانەوە،بەڵام ئەو شەش مووچەیەی کە پێشتر لە هەرێم بە خانەنشینان دەدرا، ئەوە مووچەی مۆڵەتە کەڵەکە بووەکان بوو".
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا کە 22ـی 1ـی 2025 بڵاویکردەوە، رایگەیاند ئەوانەی تەمەنیان دەبێتە 60 ساڵ خانەنشین دەبن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە دایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین ببن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP