تورکیا لەبارەی ڕۆژاوای کوردستانەوە پەیامێک ئاراستەی ترەمپ دەکات

جیهان
13:29 - 2025-02-03


هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوای خواستوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بەپشتیوانیکردنی واشنتۆن بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) لە سوریا بهێنێت، لەکاتێکدا تورکیا لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئەو هێزە کوردییە لەڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.
هاكان فیدان لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەده‌وحە لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیران‌ و وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی: هیوادارین ترەمپ بڕیارێک بدات کە کۆتایی بەم هەڵە بەردەوامەی ناوچەکە بهێنێت.
بەقسەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەکینەکانی پاراستنی گەل توانای بەرەنگاربونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان نییە، بەڵکو ڕۆڵیان سنوردارە بەهێشتنەوەی دیلەکانی ئەو ڕێکخراوە لەزیندانەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا، عێراق، سوریا و ئوردن گفتوگۆی سەرەتاییان لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی داعش کردووە.
تورکیا زۆر دەمێکە داوا لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکات دەستبەرداری پشتیوانیکردنی ڕۆژاوای کوردستان بێت، هەروەک بەشێوەیەکی بەردەوامیش لە ڕێگه‌ی گروپە چەکدارییە سورییەکانی سەر بەخۆی پەلاماری ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەدات ‌و لەڕێگه‌ی هێرشی ئاسمانیشەوە ژێرخانی ئابوریی ناوچەکە وێران دەکات.




بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP