پێدانی زەوی بە فەرمانبەران بەردەوامی هەیەو سەرپەرشتیاری وردبینی فۆڕمەكانیش لە وەزارەتی شارەوانی رایدەگەیەنێت: "رێكارەكان لەقۆناغی كۆتاییدان و تەنها خانەنشینی و وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و تەندروستیی كارەكانیان تەواو نەكراون" وتەبێژی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت: "زەوی بۆ فەرمانبەران دیارییكراوە".
سەربەست مەولود، سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینی و رێكخستنی فۆڕمەكانی زەوی فەرمانبەران لە وەزارەتی شارەوانی لە لێدوانێكیدا بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "لەقۆناغی دووەمدا نزیكەی 216 هەزار ناومان ناردوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر ناوەكان دراوە، پاشان ئێمەش فۆڕمە گەڕاوەكان بەسەر شارەوانییەكاندا دابەشدەكەین، بۆ ئەوەی هەر فەرمانبەرەو بەگوێرەی كارتی زانیارییەكەی زەوی پێبدرێت و ئێمە ئامادەكاری بۆ قۆناغی سێیەم دەكەین".
"ئەو ناوانەی كە نێردراون، تەنها یەك وەزارەت نییە، بەڵكو تەواوی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام خانەنشینی و وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و تەندروستی تێدا نییەو لەداهاتوویەكی نزیكدا ناوی ئەوانیش بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەنێرین"، سەربەست مەولود وایوت.
ئاماژەی بەوەشكرد: "هەموو ئەو فەرمانبەرانەی مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە ژمارەیان دەگاتە 400 هەزار فەرمانبەر، لیژنەكەی ئێمە وەرگرتنی رەزامەندییە، بەڵام وەرگرتنی زەوییەكان دەكەوێتە ئەستۆی شارەوانییەكان، ئەوانیش بە گوێرەی بوونی زەوی دەست بەدابەشكردنی زەوی دەكەن".
هەروەها زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە PUKMEDIAی رایگەیاندووه: "ئێمە لەشارەوانی سلێمانی زەوییمان ئامادەیەو چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەكانین و بەگەڕاندنەوەی ناوەكانیش دەستبەدابەشكردنی زەوییەكان دەكەین".
"شارەوانی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر زەوی بۆ فەرمانبەران تەرخان كردوە، هەروەها كێشەی بوونی زەویمان نیەو زەوییەكان ئامادەن بۆ دابەشكردن"، زەردەشت رەفیق وادەڵێت.
سایتی PUKMEDIA ئاماژهی بۆئهوهشكردووه كه بهپێی زانیارییهكانیان:" لەقۆناغی دووەمدا لەكۆی 20 وەزارەت و فەرمانگە 216 هەزارو 262 فەرمانبەرو مووچەخۆر زەویان پێدەدرێت، لەو ژمارەیەش 88 هەزارو 79 فەرمانبەر لەوەزارەتی پەروەردەو 16 هەزارو 820 فەرمانبەر لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو 64 هەزارو 68 فەرمانبەر لەوەزارەتی ناوخۆو 9 هەزارو 165 فەرمانبەر لەوەزارەتی پێشمەرگە زەویان پێدەدرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP