مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی: ده‌سه‌ڵاتدارانی ئەودیو دێگەڵە بەشەق و گازی فرمێسکڕێژ روبەروومان بوونەوە

کوردستان
18:18 - 2025-02-09


پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆر مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان لە سلێمانییەوە بەرێکەوتن بۆ هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەودیو دێگەڵە رێگریان لێکرا و رێگەیان نەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بچنە هەولێر، پاش رێگرییەکەو گەڕانەوەیان بۆ ئەمدیوی دێگەڵە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تەئکیدیان لە بەردەوامبوونی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردەوە.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیاندا رایانگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتووە، هاوکات هەوڵی دروستکردنی تۆمەت دەدرێت بۆمان، رێگریکردن لێمان کە نەچینە ناو هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو راستیەی دوپاتکردەوە کە حکومەت رێگری لە دیموکراسیەت و داواکارییەکانمان دەکات".

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن:" لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئەودیو دێگەڵە بەشەق و گازی فرمێسک ڕێژ روبەروومان بوونەوە لەکاتێکدا ئێمە تەنها قەڵەم چەکی دەستمان بووە، بەڵێن دەدەین کە بەردەوام دەبین لە خەباتی مەدەنی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان، کۆتایی بە خەباتی مەدەنی ناهێنین"،.

ئەوەشیان وت: "هیچ هێزێک نامانترسێنێت و گیانی هاورێکانمان لە سلێمانی لەژێر خێمەی شکۆدا لە مەترسیدایە و جارێکیتر داوادەکەین داواکارییەکانمان جێبەجێبکرێت، رێگەنەدرێت گیانی هاووڕێیانی مانگرتوومان لەوە زیاتر بکەوێتە مەترسییەوە، هەروەها ئەمڕۆ بۆ هەموو دنیامان سەلماند کە وێستگەیەکی دیکەی دیموکراسیمان دەستپێکردوەو لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانمان بەردەوام دەبین و کۆڵنادەین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP