ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای فیدراڵی بۆ گفتوگۆکردن
لەسەر 13 سکاڵا بەڕێوەدەچێت، شەش لەو سکاڵایانە تایبەتن بە سێ یاسا مشتومڕاوییەکە،
کە لە ناویاندا یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان هەیە و کورد
پشتیوانی لە یاساکە دەکات.
چوار سکاڵای دیکەش تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و
دووانیان لەسەر یاسای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەوانی دیکە لەسەر
رێکارەکانی هاوسەرگیریی دووەم و سزای کامێرای تیژڕەویی تۆمارکراون.
یەکێک لە سکاڵاکان لەسەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی
کوردستان و وەزیری ناوخۆ تۆمار کراوە، کە سکاڵاکار دەڵێت، وەرگرتنی باج و
رسوماتەکان بە گوێرەی یاسای ژمارە 86ـی ساڵی 2004 تایبەت بە تۆماری ئۆتۆمبێل
نایاساییە و وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی ئەوەی نییە سزاکان کەم و زیاد بکات و سزادانی
شۆفێر بەهۆی خێراییەوە زیاتر لە جارێک لە یەک کات و شەقامدا نایاساییە، چونکە
لەسەر یەک سەرپێچی نابێت کەسێک دووجار سزابدرێت.
سکاڵایەکی دیکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان،
لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە و سکاڵاکار دەڵێت، ناوی وەزارەتی کاروباری
شەهیدان و ئەنفالکراوان نایاساییە و پێویستە بکرێتە دامەزراوەی شەهیدان و ناوی ئەنفالکراوانی
لێبکرێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP