رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەوانان: 2024 کوشندەترین ساڵ بووە بۆ رۆژنامەوانان

جیهان
23:53 - 2025-02-13

رێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان "سی پی جەی"، لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، ساڵی 2024 کوشندەترین ساڵ بووە بۆ رۆژنامەوانان لە جیهاندا، بە جۆرێک لە 30 ساڵی کاری رێکخراوەکەدا هیچ ساڵێک هێندەی 2024 رۆژنامەنووسان تیایدا نەبووەنەتە قوربانی.

راپۆرتەکەی سی پی جەی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی رۆژنامەوانە کوژراوەکانی بۆ زیادبوونی گرژییە سیاسییەکان گەڕاندەوەو رایگەیاند، زۆرترین رۆژنامەوان لە غەززە کوژراون، بەدوایدا سودان، پاکستان و میانمار.

سی پی جەی دەڵێت، پار لانیکەم 124 رۆژنامەوان لەسەرتاسەری جیهان کوژراون، کە 85ـیان لە غەززە بوون، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و پێشتر زۆرترین رۆژنامەوان لە ساڵی 2007ـدا کوژرابوون، کە ژمارەیان 113 رۆژنامەوان بووە و زۆرینەیان لە عێراق بوون.

راپۆرتەکەی سی پی جەی، باسی لە دۆخی رۆژنامەوانی لە عێراق کردووە، ئاماژەی بەوەداوە شەپۆلی فراوانی کوژرانی رۆژنامەوانان لە 2003 تاوەکو 2020 بووە و دوای ئەوە ژمارەکە بەرەو دابەزین چووە.

سی پی جەی ئاماژەی بە دوایین حاڵەتی کوژرانی رۆژنامەوان لە عێراق کردووە، کە کوژرانی سێ رۆژنامەوان بووە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشی درۆنییەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP