بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەڵمانیا لەگەڵ تان دێسی، سەرۆکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی بەریتانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ بە گرنگییەوە ئاماژەیدا بە رۆڵی بەریتانیا لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە عیراق و ناوچەکە و رایگەیاند یەکێتی پەرۆشی پەرەپێدانی هەموو ئەو پەیوەندییانەیە کە لە خزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی وڵاتەکەماندایە و پێزانینیشی دەربڕی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانیان لە گەلی کورد و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، رووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، عیراق و هەرێمی کوردستان بە وردی تاوتوێکرا و جەخت لەپاراستنی ئارامی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگی بەردەوامی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و بەردەوامی لێکتێگەیشتنەکانی دووپاتکردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP