دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا حکومەتی ئۆکرانیا بە هۆکاری
لەشکرکێشی سوپای ڕوسیا بۆ وڵاتەکە تۆمەتبار دەکات و ڕایگەیاندووە، ئۆکرانیا بەرپرسیارە
لە جەنگ و هێرشی ڕوسیا، کە نزیکەی سێ ساڵ بەردەوامە.
ئەو هەڵوێستەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ دانوستانی وەزیرانی
دەرەوەی ئەمریکاو ڕوسیا لە ڕیاز سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و
مۆسکۆو هەنگاونان بەرەو ئاگربەستی جەنگی ئۆکرانیا.
لە وەڵامی ڕەخنەکانی ئۆکرانیا کە بانگهێشتی دانوستانەکانی
ڕیاز نـەکرابوو، ترەمپ ڕایگەیاند: ئۆکرانیا نزیکەی سێ ساڵە لە جەنگێکدایە کە دەکرا
ڕێککەوتن بکات لە بری شەڕ.
ترەمپ ئاماژەیداوە، ئەگەر لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگەکەدا،
لە دەسەڵاتدا بووایە، دەیتوانی ڕێککەوتنێک بکات و ئۆکرانیا بپارێزێت بەبێئەوەی کەس
بکوژرێت و هیچ شارێک وێران بکرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرایشیکرد: دەمەوێت ئاشتی بەدەستبهێنم
و نامەوێت قوربانی زیاتر هەبێت.
هەروەها ترەمپ داوایکرد هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا بکرێت،
ئەو داواکارییە لەلایەن ڕووسیاشەوە پێشکەشکراوە، وتیشی: ئەمە تەنیا داوایەکی ڕوسیا
نــییە، بەڵکو من و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش هەمان داواکاریمان هەیە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP