بڕیارە لەدوو رۆژی ئایندەدا وەفدی ئیمڕاڵی كەلەئێستادا لەهەرێمی كوردستانە سەردانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكات و كۆببنەوە، راوێژكاری سەرۆكی یەكێتیش دەڵێت: "ئامانجی وەفدەكەی ئیمڕاڵی بۆلای سەرۆك بافڵ گرنگیی تایبەتی خۆی هەیەو پەیوەندی بەپرسی كوردەوە هەیە، چونكە سەرۆكی یەكێتی بۆ پرسی كورد رۆڵی گرنگ لەناوچەكەدا دەگێڕێت".
بێستون فایەق راوێژكاری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "سەردان و ئەو پەیامەی لەلایەن وەفدی ئیمراڵییەوە دەگەیەندرێتە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو پەیوەندی بەپرسی كورد بەگشتی و پرسی كورد لەباكوری كوردستان بەتایبەتی هەیە".
بێستون فایەق دەڵێت:"سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵێكی گرنگی ناوچەیی بۆ پرسی كورد دەگێڕن، بۆیە وەفدەكەی ئیمڕاڵی كە لەئێستادا هاتووەتە هەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆكی یەكێتی دەكات و پەیامی ئیمراڵی-یان پێیە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسی كورد"
راشیگەیاند: "لەئێستادا كەپرسی چارەسەری كێشەی كورد لەباكور هاتووەتە كایەوە، وەفدەكە بەگرنگی دەزانن كەبۆچوونی سەرۆك بافڵ لەسەر ئەو پرسە وەربگرن، ئەمەش بۆ رۆڵی سەرۆك بافڵ لەسەر پرسە نیشتمانییەكان دەگەڕێتەوە".
بێستون فایەق ئەوەشی خستەڕوو: "سەردانەكەی وەفدی ئیمڕاڵی لەم كاتەدا بۆلای سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكاتێكدایە كەپرسی چارەسەری كێشەی كورد لەباكورو گفتوگۆ بۆ رۆژئاوا پرسێكی گەرمەو پێویستی بەبۆچوون و را گۆڕینەوەیە".
وەفدی ئیمڕاڵی پێكهاتووە لە (سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و كاسكین بایندر) و دوێنی 15-2-2025 گەیشتنە هەولێرو بڕیارە 18ی ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكان كۆببنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP