لیژنەی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رەشنوسی پێكهێنانی حكومەتیان تەواو كردووەو وتەبێژی یەكێتیش رایدەگەیەنێت: "یەكێتی بژاردەی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەكان هەڵدەبژێرێت، هەروەها پۆستەكانی حكومەت لەنێوان یەكێتی و پارتی تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە".
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كوردسات نیوز رایگەیاند: "كۆبوونەوەكانی لیژنەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێدەكەنەوەو ئەو رەشنووسەی لەلایەن لیژنەی باڵاوە لەسەر ناساندنی جیاوازییەكان و پۆستەكان و بەشداری و حوكمڕانی ئامادەكرا كۆتایی هاتووە".
سەقفی داواكارییەكان لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا بگونجێت
وتیشی: "هەرچەندە رەشنووسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادە كراوە، بەڵام پۆستەكانی حكومەت لەنێوان یەكێتی و پارتیدا تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە".
وتەبێژی یەكێتی وتیشی: "پێویستە هەردوو لایەنی سیاسی سەقفی داواكارییەكانیان لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا روویانداوە بگونجێت، بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێكی باشتر".
یەكێتی بژاردەی ئاشتی بۆ چارەسەری كێشەكان هەڵدەبژێرێت
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی هاتنی وەفدی ئیمڕاڵی بۆ هەرێمی كوردستان وتی: "پێمانباشە وەفدەكەی ئیمڕاڵی ئەنجامی سەردانەكەیمان بۆ ئیمڕاڵی بۆ باس بكات و هەڵوێستی یەكێتیش هەڵبژاردنی ئاشتییە كەبێگومان لەبژاردەی شەڕ باشترەو هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی داخوازییە رەواو یاساییەكانی كورد لەباكوری كوردستان و كۆتاییهاتنی شەڕ خواستی یەكێتییە، چونكە چەندین دەیەیە شەڕ بەردەوامی هەبووە ئەنجامی نەبووە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە پڕۆسەی ئاشتی تاقیبكرێتەوە".
راشیگەیاند: "دەبێت هەوڵی یەكڕیزیی لەنێوان كوردانی سوریادا بدەین و دەستوەردان لەكارەكانیاندا نەكەین، چونكە ئەگەر كورد بەهانای خۆیەوە بچێت ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكاری دەبێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP