بۆ جاری دووەم تیمێک بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، سەردانی قەزای چەمچەماڵی کردو راوێژكارێکیش لە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق دەڵێت:" تیمەکە ماوەی پێنج رۆژ دەمێننەوەو لە دوای جەژنی رەمەزانی پیرۆزیش بەردەوام دەبن".
پەری نوری عەزیز راوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIA راگەیاندووه: "لەسەر داواو ئەركی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، قۆناغی دووەمی وەرگرتنی سامپڵ لەكەسوكاری ئەنفالكراوان لەچەمچەماڵ دەستیپێكردوەو ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت".
"بەدەمەوەهاتنی كەسوكاری ئەنفالكراوان بۆ تیمەكانمان زۆر باشەو رۆژانە بەپێی توانای تیمەكانمان سامپڵیان لێوەردەگرین، لەدوای جەژنی رەمەزانی پیرۆزیشەوە بەردەوام دەبین" پەری نوری وادەڵێت.
راشیگەیاند: "لەقۆناغی یەكەمدا لەچەمچەماڵ 362 كەس وەكو ئەنفال تۆماركران، بەڵام تەنها 205 سامپڵی خوێن وەرگیران، چونكە كەسوكاری بەشێك لەو ئەنفالكراوانە لەژیاندا نەماون، ئەمەش بەپێی پێوەرە جیهانییەكان رێژەیەكی كەمە".
ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی 8-12-2024، پڕۆسەی وەرگرتنی سامپڵی تاقانەكانی ئەنفال بەچوار قۆناغ كۆتایی هات، بەڵام بۆ ئەمساڵیش وەرگرتنی سامپڵ لەکەسوکاری ئەنفالکراوەکان درێژەی دەبێت.
وەرگرتنی سامپڵی خوێن پڕۆسەیەكی گرنگە بۆ ناسینەوەی ئەو روفاتانەی لەمەوبەر لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەرهێندراون و سامپڵیان لێ وەرگیراوە تا لە رێگای بەرواردی تاقیگەیی كاری بەراوردكردنیان لەسەر بكرێت.
دوای روخانی رژێمی بەعس ساڵی 2003 لەچەند گۆڕێكی بەكۆمەڵدا ژمارەیەك روفاتی ئەنفالكراو لەناوچە جیاوازەكانی عیراق دەرهێنراونەتەوەو لە پزشكی دادوەری نمونەی ئێسكیان لێ وەرگیراوە تاكو لە داهاتوودا بە بەراوردكردن لەگەڵ سامپڵی خوێنی كەسوكاری ئەنفالكراوان و بەگوێرەی ئەو كۆدەی لەسەر كێلی گۆڕەكانە دوای پشكنینی تاقیگەیی روفاتەكان بناسرێنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP