دەستەی دەستپاکی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زیاتر لە 940 ملیار دیناری بۆ خەزێنەی گشتیی راگه‌یاند

ئابوری
21:17 - 2025-02-18

دەستەی دەستپاكی عێراق راپۆرتی ساڵانەی كار و چالاكییەكانی ساڵی رابردوی بڵاوكردەوە، هەروەها بڕی ئەو پارانەشی ئاشكراكرد كە گەڕێنراوەتەوە خەزێنەی دەوڵەت.

دەستەی دەستپاكی عێراق، بڵاویكردەوە: پار لێكۆڵینەوەیان  لە 71 هەزار و 823 سكاڵا كردوە و رێكاری یاسایییان بەرامبەر 24 هەزار دۆسیە گرتوەتەبەر و تۆمەتیش ئاڕاستەی زیاتر لە 20 هەزار كەس كراوە لەنێویاندا 44 وەزیر و 338 پلە تایبەت و بەڕێوەبەری گشتی هەبوە.

دەستەی دەستپاكی دەڵێت: پار كار لەسەر 269 دۆسێی گێڕانەوەی پارە كراوە و بڕی 940 ملیار و 886 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕێنراوەتەوە ، ئاماژە بەوەكراوە کە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ 14 هەزار و 167 كەس دەركردوە.

دەستەی دەستپاكی عێراق ئەوەشی خستەڕو، پشتیوانییەکانی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریی بوەتە هۆی خێرابونی كارەكانیان بەتایبەت لە دۆسیەی پەیداكردنی پارە بەشێوەی نایاسایی و گەڕاندنەوەی پارەی بەهەدەردراو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP