ئەمڕۆ ٢٢-٢-٢٠٢٥ پانێڵی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان لەسلێمانی، بە ئامادەبوونی پێکهاتەجیاوازەکان و بەرپرسانی حکومی حزبی بەڕێوەچوو، کەتێیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی ئاشتی لەناوچەکە دەکات و هەمیشە رێگەی ئاشتی بەچارەسەری کێشەکان دەزانێت".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپانێڵەکەدا رایگەیاند:" کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تەنها مووچە و بودجە و نین، کە بەخۆشحاڵییەوە لە ئێستادا ئەو پرسە هەنگاوی باشی بۆ چارەسەر ناوە، بەڵکو کورد مافی زۆری هەیە لەبەغدا و داوایان دەکات، کە داگیرکردنی زەوی و زارەکانیان لەناوچە جێناکۆکەکان و بودجە و چەندین مافی دیکە بەشێکن لە داواکارییان".
"لەبارەی پرسی مووچەوە هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ بەغدا نەهێشتووەتەوە و تا ڕادەیەکی باش گەیشتووینەتە چارەسەر، کە لیستی مووچەی مانگی ١ کراوەتە پێوەر بۆ هەر ١٢ مانگەکەی ئەمساڵ، هاوکات هەرێم و عیراق تا رادەیەک لەسەر پرسی نەوتیش گەیشتوونەتە رێککەوتن"، قوباد تاڵەبانی لە پانێڵەکەدا وایوت.
راشیگەیاند:" سەرژمێری ساڵی رابردوو سەلماندی کە کورد لە ٪١٢ی عیراق نییە، بەڵکو زیاترە کەپێویستە بۆ بودجەی ساڵی ئایندەی عیراق ئەو خاڵە رەچاوبکرێت، هەروەها لەئێستادا ناوچە جێناکۆکەکانمان مەترسییان لەسەرە کە بەبۆچوونی من مەترسییەکە گەورەترە لە پرسی مووچە و بوودجە و پێویستە چارەسەر بکرێن".
حکومەتی داهاتووی هەرێم
قوباد تاڵەبانی لەبارەی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی نیوان یەکێتی پارتی رایگەیاند:" یەکێتی دەیەوێت حکومەتێکی بەهێزمان هەبێت، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکیش پێکهێنانی حکومەتەکە دوابکەویت، هەروەها گرنگە لامان دووربکەوینەوە لەمجامەلەکردنی یەکتری و پێویستە پەنجە بخەینە سەر کێشەکان و دووبارەیان نەکەینەوە و چارەسەریان بکەین".
وتیشی:" حکومڕانی لە دهۆک جیاوازە لەگەڵ گەرمیان بۆیە گرنگە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان رەچاوی ئەو جیاوازییە بکات و دەسەڵاتەکان شۆڕبکاتەوە بۆ پارێزگار و قائیمقام و مدیر ناحییەکان".
"ئاساییە یەکێتی و پارتی ناکۆکییان هەبێت، چونکە دوو حزبن کە بیروبۆچوونیان لەهەموو بوارەکاندا جیاوازە، هەرچەندە فشاری نێودەوڵەتی لەسەر هەردوولامان هەبووە بۆ پەلەکردن لەپێکهێنانی حکومەت، بەڵام گرنگە ئەمجارە حکومەتێکی رێکوپێکتر و باشتر پێکبهێنین"، قوباد تاڵەبانی وایوت.
راشیگەیاند:" گرنگە بۆ حکومەتی داهاتوو داواکارییەکانی خەڵک، کە بەشێکی زۆریان مافی خۆیانە جێبەجێ بکات، چونکە حکومەت و وڵات بەجێبەجێکردنی داواکاری خەڵک پێشدەکەوێت".
لامەرکەزی گرنگە
سەبارەت بە پرسی جێبەجێکردنی لامەرکەزی لەهەرێمی کوردستان جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" وەک چۆن لەبەغدا داوای لامەرکەزی بۆ هەرێم دەکەین، پێویستە لەهەرێمی کوردستانیش جێبەجێی بکەین".
"لامەرکەزی لەبڕیاردان و دارایی و بەڕێوەبردن بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە ناکرێت دەسەڵاتەکان هەمووی لەیەک شوێندا کۆببێتەوە، لەو ڕوانگەیەشەوە یەکێتی و پارتی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پرۆژە یاسای بودجەمان هەبێت"، قوباد تاڵەبانی وایوت.
پێکهاتەکان بەشێکی گرنگی هەرێمن
قوباد تاڵەبانی لەو بارەیەوە رایگەیاند:" یەکێتی هەمیشە پشتیوانی لە پێکهاتەکان کردووە و هەوڵیداوە لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەری راستەقینەیان هەبێت، بۆ ئەوەی دەنگی پێکهاتەکان بگەیەنن".
راشیگەیاند:" هیچ کەسێک هێندەی سەرۆک مام جەلال پارێزەری مافی پێکهاتەکان لەعیراق نەبووە، ئێمەش لەسەر ئەم رێبازە پیرۆزە بەردەوام دەبین و دەمانەوێت پێکهاتەکان پرۆژەی تایبەت بەخۆیان هەبێت لەپەرلەمان و بەواقیعی بیانکەینە بەشێک لەکۆمەڵگەکەمان لەکاتێکدا بەشێکی زۆر تورکمان لەهەولێر هەن مافی خۆیانە پارێزگاری لەزمان و کلتور و رەسەنایەتییان بکەن"
ئەمەش لەکاتێکدایە، پانێڵەکە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن فاوندەیشنەوە بە ناونیشانی (پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکان لەسلێمانی) رێکخرابوو، کە تێیدا بەشێک لەپێکهاتەجیاوازەکان و بەرپرسانی حکومی حزبی بەشداربوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP