ميلان و لازیۆ شەڕى راستکردنەوەى رێڕەوەى ئەنجامە خراپەکانیان دەدەن

وەرزش
12:38 - 2025-03-02

 ميلان و لازیۆ شەڕى راستکردنەوەى رێڕەوەى ئەنجامە خراپەکانیان دەدەن .
ئاکۆ بیبانى
ئەنجامە خراپەکان و دابەزینى ئاستى یاریزانەکانى لە دوو یارى رابردوو ، دۆخێکى قورس و دژوارى بۆ کۆنسیساوى راهێنەرى یانەى رۆسۆنێرى دروستکردوە ، فشارێکى زۆرى لەسەرە ، داوای باشترکردنى ئەنجامى یارییەکانى لێدەکرێت ، راهێنەرەکەش چیتر بەرگەى ئەو رەخنانە ناگرێت و لە چەند رۆژى رابردوو دەستەکارکێشانەوەى پێشکەش کردبوو ، بەڵام داواکەى رەتکرابووە ، یارى ئەمشەوى یەکلاى کەرەوە دەبێت بۆ ئەوەى رێڕەوى خراپەکانى ئاستى لە سیریا ئەى راست بکاتەوەو دڵى هاندەرەکانى خۆش بکات ، هەر چەندە ئەم کارە نەک ئاسان نیە بەڵکو زۆر قورسە ، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕکابەرەکەى یانەى لازیۆیە ، یانەیەکە تموح و ئامانجى گەورەى هەیە ، نایەوێت خۆى بەدەستەوە بدات ، پلانى یەکەمى سەرکەوتنە بۆ خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەروپا، هەر بۆیە هەموو تواناکانى دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەى بە ئەنجامێکى شایستەوە لە یاریگاى سانسیرۆ ڕزگارى بێت و پلەى چوارەمى ریزبەندیش وەربگرێتەوە  کەلە ئێستادا 47 خاڵى هەیە و خاوەنى پلەى پێنجەمى ریزبەندییە ، هەرچى یانەى ئەى سى میلانە لە پلەى هەشتەمى ریزبەندى سیریا ئەى جێگیربووەو 41 خاڵى کۆکردۆتەوە ، میلان کێشەکانى تەنها لە ئەنجامەکانى نیە بەڵکو پێکانى ئەستێرەکانى تەنگى پێ هەڵچنیوە ، بۆ ئەو یارییە بێ بەش دەبن لە تواناکانى هەر یەکە لە ( کایل ۆکەر و فلۆرینزى و ئیمرسۆن رۆیال و لۆفتۆس چیک ) .
ئەوەى هاندەرە بۆ ئەوەى ئەى سى میلان بتوانێت لەو جەنگە براوە بێت ، 4 یارى رابردووى هەردوو یانەیە ، کاتێک لە سێ یارییاندا ئەى سى میلان بردنەوەى تۆمارکردوە ، ئەمە لە کاتێکدا تەنها یەک یارى بەیەکسانبوون کۆتایی هاتوە ، لەو چوار یارییە  لازیۆ لە هیچ یارییەکدا لە میلانى نەبردۆتەوە  .
یارییەکەش ئەمشەو سەعات 10:45 دەقیقە بەکاتى هەرێمى کوردستان ئەنجام دەدرێت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP