تادێت نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دادەبەزێت، وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی-ش هۆکارەکانی دابەزینی نرخەکەی رادەگەیەنێت و دەڵێت:" کارکردنی بازرگانان بە سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی دۆلار".
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی شاری سلێمانی بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راگەیاند:"بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکارە یاساییانەی کە بانکی مەرکەزی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار گرتوویەتییەبەر، هاوکات حەواڵەی دەرەوەی وڵات زۆر خێرا بووە لەڕێگەی سەکۆ ئەلکترۆنییەکانەوە و بازرگانەکان کەمتر لەبازاڕدا پارەکانیان دەگۆڕنەوە بە دۆلار و بۆ گۆڕینەوەی پەنا بۆ بانکە ئەلکترۆنییەکان دەبەن".
"هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز و کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی لەبازاڕ یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە نرخی دیناری بەرامبەر بە دۆلار بەرزکردووەتەوە، هەروەها ویستی خەڵک لەسەر کڕینی دۆلاریش کەمبووەتەوە"، جەبار گۆران وایوت.
راشیگەیاند:" یەکێک لەهۆکارەکانی دیکە کە نرخی دۆلاری کەمکردووەتەوە ئەوەیە کە کۆمپانیایەکی گەورە لەهەرێمی کوردستان قیستی دیناری لەسەرەو دۆلارێکی زۆری خستووەتە بازاڕەوە".
هەوڵەکانی بانکی مەرکەزی بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار بە نزیک لەو بەهایەی کە لەبودجەدا دیاریکراوە، کە نرخی ١٠٠ دۆلار ١٣٢ هەزار دینارە بەردەوامە و پسپۆڕانی ئابوریش پێیانوایە:" لەچەند رۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار زیاتر داببەزێت و نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ ١٤٥ تا ١٤٦ هەزار جێگیر ببێت".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP