لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان
تەواو كراون و بەربەستەكان لادراون.
عەلی شەداد، وتەبێژی لیژنەی نەوت و گاز لە
پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی
كوردستان نەماوە و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو پرۆسەیە تەواو کراون.
ڕوونیشی كردەوە، هەرچەندە بەپێی هەمواری یاسای
بودجە، هەرێمی كوردستان پابەندە ڕۆژانە 300 بۆ 325 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی
سۆمۆوە هەناردە بكات، بەڵام پێدەچێت لە سەرەتادا نەتواندرێت ئەو بڕە نەوتە هەناردە
بكرێت و بڕی نەوتی هەناردەكراو 185 هەزار بەرمیل دەبێت، جگەلەوەش هەرێمی كوردستان
داوای كردووە بڕی نەوتی بەكارهێندراو بۆ ناوخۆ، لە 45 هەزار بەرمیلەوە بكرێتە 110
هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا.
دوو ساڵە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان
لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، بەهۆیەوە زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار بەر
عێراق و هەرێمی كوردستان كەوتووە، بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ
ساڵی 2025، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیا
دەستپێدەكاتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP