مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادى ٣٤ ساڵەی راپەڕین پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت:" بۆ ئەمرۆ و دوارۆژ پێویستمان بە گەشەپێدانێکی چۆنایەتی و هەمەلایەنە هەیە، ئەمەش بە هیممەتی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پەرەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەسەر بنچینەی دادپەورەری و حکومەتێکی گشتگیری کوردستانی دێتە دی".
دەقی پەیامەكە ....
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
كوڕان و كچانی نەوەی راپەڕین و تێکرای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بەناوی یەکێتییەکەتانەوە پیرۆزبایی گەرمی ٣٤ ساڵەی راپەڕینتان لێدەكەین ، كە لە 5ی ئادار لە دەروازەی راپەڕینەوە مژدەی رزگاری دەستی پێکرد و زەماوەندی سەرفرازی بردە سلێمانی و قەڵای ستەمی لەهەولێر روخاند و لەدهۆكی دەلال سوپای داگیركەری بەعسی وەدەرنا و تاجی سەركەوتنی یەکجارەکی لە نەورۆزی رزگاری كەركوكدا لەسەرنا
ئەم بۆنە مێژووییە لەكاتێكدا دەكەینەوە کە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر تاقیکردنەوەی دیموکراسی و حوکمی خۆبەخۆی وڵاتەکەمان تێپەڕ دەبێت کە وێرای دەسکەوتەکانی یاسایی و دەستوری و پێشکەوتنی بوارە جیاجیاکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆ ئەمرۆ و دوارۆژ پێویستمان بە گەشەپێدانێکی چۆنایەتی و هەمەلایەنە هەیە. ئەمەش بە هیممەتی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پەرەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەسەر بنچینەی دادپەورەری و حکومەتێکی گشتگیری کوردستانی دێتە دی. حکومەتێکی هەڵبژێردراوی پەرۆش بۆ ئێستای وڵاتەکەمان و بە تایبەتیش بۆ ئاسۆی ژیانی نەوەکانی تازەی بەرهەمی راپەرین کە هەقی خۆیانە ئەم وەرچەرخانە مێژووەی راپەرین و ئازادییەکەی دروستی کردووە، بە بەرجەستەکراوی ببینن و لێی بەهرەمەند بن.
بۆیە لەم یادەدا بە پێویستی دەزانین تەئكید لەوە بكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزی داینەمۆی راپەرین و دەربەستی گشت قۆناغەكانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و لە سۆنگەی درككردن بەم ئەركە نیشتمانیە ، كۆششەكانی زیاتر و زیاتر خستۆتە گەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە تا ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان بەدەست بێنین و بە یەکێتیی و پێکەوەیی و چاوتیژییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و دەوروبەر بکەین.
جارێکی تر پیرۆز بێت ساڵیادی راپەرینی کۆمەڵانی خەڵک
نەمری بۆ شەهیدانی راپەرین
سەرکەوێ ئیرادەی راستکردنەوەی حوکمڕانی کە خەڵات و دەسکەوتی راپەڕینە
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP