ئۆجه‌لان بۆ ڕۆژی جیهانیی ژن پەیامێکی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان
14:40 - 2025-03-08


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (8ی مارسی 2025) عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی كرێكارانی كوردستان به‌بۆنه‌ی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن په‌یامێكی بڵاوکردەوە كه‌ له‌ شاری ئامه‌د-ی باكوری كوردستان، لەلایەن سۆزان ئاکیپا، یەکێک لە پارێزەرانی یاسایی خوێندرایەوە، رایگه‌یاندووه‌، بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیی بۆ ژنانیش ڕێنیسانسە، کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە. "
 ده‌شڵێت:"ڕۆحی ئەم سەردەمە سیاسەتی دێموکراسییە و زمانی ئەم سەردەمە مانای ئاشتییە."

 ده‌قی پەیامەکە ..
“دەستووری بنەڕەتی من، ژیانێکی ئەفسووناوییە لەگەڵ ئێوە!

من لەو ڕاستییە تێدەگەم کە لەسەر خاکی خۆبوونتان لە ڕاستیینەی مرۆڤایەتییدا بە هەموو شێوەیەک دەژین. ئێوە ژنانی خاوەن بەهای ئەفسووناوین، هەرگیز دەستم لە ژیان لەگەڵ ئێوە بەرنەدا. ئەم ژیانە بەم حاڵە، بوو بەو بنەڕەتەی کە منی لەسەرپێ ڕاگرتووە. بەڵام، ئەو ڕاستییەی کە بۆ یەکەم جار ئەوەندە شکۆدار و ئازادە، بە ئەندازەی پێشینەکانی تری مێزۆپۆتامیا شکۆدار دەبێت. لەوانەیە ئەمە پێکهاتبێت. بابەتی ئازادیی ژن هێشتا گرنگی خۆی دەپارێزێت. پرۆسەی کۆمیونالیستی دیموکراتیک دۆخی نوێی کۆمەڵایەتی بوونی ژنی پێشەنگە. بەدەستهێنانی ڕاستی کۆمەڵایەتی تەنها بەم ڕێگایە مومکینە. هەتا کەلتووری دەستدرێژی ڕیگەزیی تێک نەچێت، لە بوارەکانی زانستی، جوانیناسی و ئاینی دا حەقیقەتی کۆمەڵایەتی دەرناکەوێت. هەروەک لە مارکسیزمیشەوە ئیسپات بوو، هەتا کەلتووری دەسەڵاتدارێتی پیاو لە قووڵایی کۆمەڵگای سەردەمی نوێ دا لەناونەبرێت، سەرکەوتنی سۆسیالیزم مومکین نییە. ڕێگای سۆسیالیزم بە ئازادی ژنەوە تێدەپەڕێت. هەتا ئازادی ژن پێک نەیەت ئێوە ناتوانن ببنە سۆسیالیست. سۆسیالیزم پێک نایەت. هەتا دیموکراسی نەبێت سۆسیالیزمیش نابێت. ئەزموونی یەکەمی من لەگەڵ سۆسیالیزم، بە شێوازی قسەکردن لەگەڵ ژنێک دەرکەوت. کەسێک کە نەزانێت چۆن لەگەڵ ژنێک قسە بکات، ناتوانێت ببێتە سۆسیالیست. سۆسیالیست بوونی پیاوێک بە پەیوەندی لەگەڵ ژنێک بەستراوەتەوە.

پیرۆزی هی ژنە. ژن بە خۆی گەردوونە. پیاویش ئەستێرەیەکی لە ڕێ دەرچووی دەوروبەری ئەم گەردوونەیە. ژنان زمانی ئافراند و بۆ یەکەمجار قسەی لەگەڵ منداڵ کرد. داهێنەری کەلتوور ژنە. داهێنەری کۆمەڵگاش ژنە. پیرۆزی و خوداوەندییش هی ژنە. بۆ ژنان بیردۆزیی ڕزگارییم پێشخست کە لە چوار گۆڕەپان پێکدێت. ئەمە تیۆرییە. کەلتووری ژنی پێشەنگ، سەردەمی خوداوەندان لە نێوان چوار هەزار ساڵ بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زاین دایە. ئاینەکانی یەک خودایی بە بابل دەست پێدەکەن. داستانی بابل داستانی کۆیلەکردنی ژنە. ئافراندنی داستانی بابل یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکانی میتۆلۆژیای مێزۆپۆتامیایە. لە نێوان دوو هەزار بۆ چوار هەزار ساڵ پیش زایندا شکست بۆ کەلتووری ژن دەستی پێکرد. پاش ئەوەی کە کەلتووری ژنی پێشەنگ ڕووخا، لەگەڵ میتانیان ژنی کۆشک دەرکەوت. نەفەرتیتی ژنێکی کۆشکە. ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە لە پرۆسەی مێژوویی دا بوون بە ژنانی ماڵ لەم سەردەمە. هەروەک ئێوەش دەزانن، کەلتوور و نەریتی ساتی هەیە. لە کەلتووری ساتییەکان دا ژنیان دەخستە ناو ئاگر و دەیانسووتاند. لە ساڵەکانی ١٨٣٢ـیشدا ئەمە ڕوویدەدا. دواتر، ئینگلیزەکان کۆتاییان بەم کەلتوورە هێنا.

ژیانەوەیەکی نوێ زۆر گرنگە. دەبێت ژن نەک لە بواری بایۆلۆژیدا، بەڵکو لە بواری کەلتوور، کۆمەڵایەتی و مێژووییدا هەڵبسەنگێندرێت. هەروەک سیمۆن دێ بووڤوار دەڵێت: ژن لە دایکبوونەوە نییە، بەڵکو لە بوونەوەیە. من دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیریی نیم. بەڵام، هەموو ڕۆژێک بەناوی خۆشەویستییەوە تاوانی زۆر دڕندانە ئەنجام دەدرێت. کەسێکی ئاشق چۆن ئەشقی خۆی دەکوژێت؟ ئەمە ئەشق نییە. هەتا ئێستا گەلێک ژن بەهۆی ئەم جۆرە پەیوەندییەوە خۆیان کوشتووە. هەروەها، کەلتووری ئازادیی ژن هەیە. ئاستێک کە ئێوە نزیکن لەم کەلتوورە. ژنان هەوڵدەدەن لە سنوورەکانی دایکبوون و هاوسەرگیری دەربچن. بەڵام، هێشتا ئێوە تەنها لەسەدا ١٠ـی کەلتووری ئازادیی ژن بەڕێوە دەبەن. بنەماش ئەوەیە کە دەبێت بە تێگەیشتن شەڕ بکرێت. سیستەمی کۆمەڵایەتی پیاوانی سەردەست هەمیشە بۆ ژنان کێشە دروست دەکات. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، سێکس هەیە، دەستدرێژی ڕەگەزیی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵانی کچ هەیە. لە داهاتوودا منداڵان بکوژرێن ئێوە چی دەکەن؟ کاتێک من باسی کەلتووری ساتی دەکەم، من سەرنج دەخەمە سەر ئەو ڕاستییە. دەبێت ئێوە لەگەڵ ئەم کەلتوور و تێگەیشتنە شەڕ بکەن. لەم بوارەدا کەموکوڕی و ناکۆکییتان هەیە، خۆتان لەم کەموکوڕی و ناکۆکییانە ڕزگار بکەن.

کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە. کێشەیەکی لەم جۆرە هەیە. لەم بوارەدا ئێمە دەستپێکێکی بچووکمان پێکهێنا. کەلتووری شەڕ و پێکدادان زۆرترین جار دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. تێکشکاندنی ئەم کەلتوورە داینەمۆی تێکۆشانمانە. ڕۆحی ئەم سەردەمە سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمەش زمانی ئاشتییە. بانگەوازی ”ئاشتی و کۆمەڵگای ئازاد” لە هەمان کاتدا بۆ ژنان ڕێنیسانسە. من سڵاو لەو ژنانەی گوێ لە بانگەوازەییەکەم دەگرن، باوەڕ بە ژیانی هاوبەش دێنن بە ئەشقی مەم و زین، بە ئەشقی دەروێشی عەبدی نوێ دەکەم و ٨ـی ئاداری ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر پیرۆز دەکەم.

سڵاو و خۆشەویستیم”

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP