بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك ڕونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

کوردستان
16:11 - 2025-03-08

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك سەبارەت بە ڕوخاندنی هەیكەلی خانوەیەكی زیادەڕۆ لەپشت بەنزینخانەی عەقەبە بن نافع ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە 

لە ڕوونكردنەوەكەدا پۆلیسی كەركوك ڕایدەگەیەنێت بەر لە سێ ساڵ بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی خانوبەرە لە كەركوك سكاڵای یاسایی دژی ئەو كەسانە تۆماركردووە كە خانوی زیادەڕۆیان لەسەر موڵكی گشتی دروستكردوە كە خاوەنداریەتی زەوییەكان دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عیراق ، لەبەرامبەردا قایمقامیەتی پارێزگای كەركوك بە نوسراوێكی رەسمی فەرمانی ڕوخاندنی سەرجەم ئەو خانوانەی دەركردووە و خاوەن خانوەكانی ئاگەداركردوەتەوە كە دەبێت لەزووترین كاتدا ماڵەكانیان چۆڵ بكەن چونكە زیادەڕۆن بەڵام خاوەن خانوەكان ڕازی نەبوونە و لەبەرامبەردا چەندینجار هێرشیانكردوەتە سەر لیژنەكانی قایمقامیەتی پارێزگاكە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك دەڵێت : هەرئەوكات ئەوكەسانەی هێرشیانكردوەتە سەر لیژنەكان دەستگیركراون و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەریان گیراوەتەبەر و دواتر بە كەفالەت ئازادكراون 

هەروەها لە ڕوونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوكدا هاتووە : ڕۆژی شەشی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی سەرۆكی یەكەی ئیداریی و لێپرسراوی شەشی شارەوانی كەركوك و نوێنەری یاسایی فەرمانگەی خانوبەرە و هێزێكی پۆلیسی ڕاسپێردراو ، لیژنەكان هەڵسان بە ڕووخاندنی هەیكەلی خانوەیەكی تەواونەكراو كە زیادەڕۆیی بوو لەسەر موڵكی گشتی ، هەروەها ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەو هەیكەلە هیچ كەسێكی تێدا نەژیاوە و سەرجەم ڕێكارەكان ڕێكاری یاسایی بوونە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP