قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە نیکۆلۆ فۆنتایا، باڵیۆزی ئیتالیا و گلێن مایلز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبووەوە و لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(19/3/2025) بەڕێوەچوون، قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست بووە و لە دواین کۆبوونەوەشدا لەسەر رەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی لە هەرێم رێککەوتوون. راشیگەیاند بەپێی ئەم دۆخە ئەرێنیەی دروست بووە، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بووە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی داهاتووی هەرێم پێکبهێنرێت.
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی هاوڕان کە بەپێی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت و هەروەها بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتییان، پێویستە حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو پێبکبهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەردوو وڵاتی ئیتاڵیا و ئوسترالیای کرد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا و داوایکرد بەوپێیەی هێشتا تیرۆر مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، هەردوو وڵات بەردەوامبن لە هاوکارییەکانیان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP