بانکی ناوەندی: پێدانی دۆلار بە گەشتیاران رانەگیراوە

کوردستان
17:29 - 2025-04-07

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگرتنی پێدانی دۆلار بەنرخی رەسمی بە گەشتیاران، بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی راگرتنی رەتدەکاتەوە و دەڵێت: بڕیارەکە هێشتا کارایە و دەنگۆ و هەواڵی راگرتنی پارەکە راست نییە.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: ئەو هەواڵانەی باس لە راگرتنی پێدانی دۆلار بە نرخی رەسمی کە هەزار و 320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، رەتدەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: پرۆسەی دابینکردنی دۆلار بۆ گەشتیاران بە شێوەیەکی رێک و بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و بەپێی سیستمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووە کە کۆمپانیاکان و بانکەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق کاری پێدەکەن، بەتایبەتی دوای جێبەجێکردنی میکانیزمە نوێیەکان کە رێگە بە گەشتیاران دەدات پشکی دۆلارەکەیان بەپێی مامەڵەی دروست وەربگرن، جێبەجێکردنی ئەو میکانیزمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دۆلار شێوەیەکی خێرا و ئاسان بگاتە دەستی گەشتیاران.
بانکی ناوەندیی عێراق دەشڵێت: بانکەکەمان مافی یاسایی خۆیەتی ئەوانە بداتە دادگە کە دەنگۆی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری بازاڕی دراو و رەخساندنی دەرفەت بۆ یاری پێکردن، بڵاودەکەنەوە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP