قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان و لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی لەگەڵ یۆرگۆس یراهێپیتریتس، وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(10/4/2025) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا. جەختیش کرایەوە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان زیاد بکرێت و کار بکرێت لە داهاتوودا گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان سلێمانی و ئەسیناشدا بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە وڵاتی یۆنان و یەکێتیی ئەوروپا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە گەشەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار تا گەنجان بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، چونکە ئەم جۆرە کۆچکردنە هاوکات بە زیانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاشە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە هەنگاوی زۆر باش نراوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووتر کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت.
سەبارەت بە دۆخی سوریا و دواین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP