نۆیەمین دیداری سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

کوردستان
16:04 - 2025-04-16


ئەمڕۆ 16ی4ی2025 نۆیەمین دیداری سلێمانی بەبەشداری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عیراق و له‌ وڵاتان دەستیپێکردو تێیدا باس لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو عیراق و هەرێم ده‌كرێت.

لە دەستپێکی دیدارەکە، بیلال وەهاب سەرۆکی  زانكۆی ئەمریكی لە عیراق – سلێمانی (AUIS) وتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و پاشان د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆ و سەرۆککۆماری پێشووی عیراق لە وتارێکیدا باسی لەو گۆڕانکاریانە کرد کە  لە سوریا روویداوە لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران.
راشیگەیاند:" ناوچەکە بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریدا تێدەپەڕێت، بەڵام گۆڕانکارییەکانیش دەرفەتێکن بۆ چارەسەر".

د.بەرهەم ساڵح: دەرفەتێکی نوێ هاتۆتە پێش بۆ واقیعێكی باشتر له‌وه‌ی ئێستا تیایدا ده‌ژین
پاشان د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە وتارێکیدا رایگەیاند:" ئاڵنگاری زۆر گه‌وره‌ و مه‌ترسیدار هه‌ن كه‌ هاوكات ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ واقیعێكی باشتر له‌وه‌ی ئێستا تیایدا ده‌ژین، گرنگە پێکەوە لەم دیدارەدا ئەو پرسە گرنگانە گفتوگۆی لەسەر بکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد:"ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی لە ناوچەکە روویانداوە گوزارشت له‌ ده‌رفه‌تێكی نوێ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی توندوتیژی و مه‌ترسی كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ئێمه‌دایه‌ بگۆڕدرێن بۆ واقعێكی نوێ، هەروەها ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ نه‌هامه‌تی و ده‌یان ساڵ شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان وڵاتان و گه‌لان تێپه‌ڕیوه‌، كه‌ بوه‌هۆی له‌نێوبردن و به‌فیڕۆدانی سامانی ناوچه‌كه‌".
د. بەرهەم لە وتارەکەیدا باسی لەوەشکرد کە:" ئەرکی هەموومانە کاربکەین بۆ رزگاربوونی عیراق لە جەنگ، هەروەها  خزمەتی نیشتیمان ئەمرۆ ئێمەی لە سلێمانی کۆکردۆتەوە".

 محەمەد شیاع سودانی: خۆم  کاندید دەکەمەوە بۆ سەرۆکایەتی وەزیرانی عیراق
هەر لە دیدارەکەدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق  وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند:"  خۆشحاڵم  ئەمرۆ لەگەڵتانم،سلێمانی مێژوویەکی دێرینی لە دژایەتی زوڵم و زۆرداری".
راشیگەیاند:" ئێمە لە عیراق پێویستمان بە چاکسازییەکی گشتگیر و راستەقینە هەیە، له‌ماوه‌ی ڕابردوودا سیاسه‌تێكی ئابوری خراپ په‌یڕه‌وكراوه‌ و به‌ سه‌دان پڕۆژه‌ی ته‌وانه‌كراو بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌جێهێڵدرا".
سەرۆکوەزیرانی عیراق ئاشکراشی کرد:" داهاتی گومرگەکان بە ڕێژەی 128% زیادیکردوە و ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە"، ئاماژەی بەوەشکرد:" لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خزمەتی عیراقمان کردووە و دەستگیرۆیی گەنجانمان کردووە".
لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و هەرێمیش سەرۆکوەزیرانی عیراق رایگەیاند:" گفتوگۆی نێوان عیراق و هەرێم بۆ یەکەمجار  چوەتە قۆناغی تەکنیکی و یاساییە و یاسای نەوت و غازیش بوەتە پێویستییەکی بەپەلە، هەروەها  ئێستا لە هەموو کات زیاتر پەیوەندییەکانی  حکومەتی هەرێم و عیراق پتەوترە".
 ئاشکراشی کرد:" خۆم  کاندید دەکەمەوە بۆ سەرۆکایەتی وەزیرانی عیراق"
 لە کۆتایشدا رایگەیاند:" هەوڵی بە ئەلیکترۆنی کردنی حکومەت دەدەن و  دەستوەردانیش لە هیچ وڵات و لایەنێک قبوڵ ناکەن و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش تەنها بۆ کاری راوێژکارییە".

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان فاکتەری ئاشتی بووە بۆ ناوچەکە
دواتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا رایگەیاند:" خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی خۆشەویست و دێرینم و بەشدارم لە  دیداری سلێمانیدا و دڵنیاشم دیدارەکە دەرئەنجامی باشی دەبێت".
راشیگەیاند:"  گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە  سروشتی پەیوەندی وڵاتان دەگۆرێت و  کاریگەرییان لەسەر ناوچەکەمان دەبێت".
لە بارەی گۆڕانی کەشوهەواوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد:" کاریگەرییە خراپییەکانی کەشوهەوا بە روونی لە عیراق دەرکەوتووە، هەروەها هەزارەها کەس بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو ناچار بوون ناوچەکانیان جێبهێڵن".
 راشیگەیاند:" لە ناوچەکەدا پەرەسەندنی ئەرێنی دەبینین  لە تورکیا پرۆسەی  ئاشتی  دەستپێکردووە و  لاپەڕەیەکی نوێی بونیاتنەرانەیە و گەلی کوردستانیش ئاشتیخوازن،ئاشتی هێزە و  لە ئاشتیدا هەموومان سەردەکەوین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد:هەموو لایەک کۆکین لەسەر ئەوەی کە پرسی کورد  لە سوریا بە ئاشتی چارەسەربکرێت و پێویستە حکومەتی سوریا رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکان بێت".
راشیگەیاند:"  هەرێمی کوردستان فاکتەری ئاشتی بووە بۆ ناوچەکە، گەشەکردنی هەرێم کوردستان وەک بەشێک لە عیراق پەیوەستە بە سەقامگیری عیراقەوە، چونکە پشتگوێخستنی هەرێمی کوردستان جگە لە شەرو ئاشوب و دواکەوتن هیچ ئەنجامێکی نابێت".
 سەرۆکی هەرێم راشیگەیاند:" پابەند بوونی جێگیرمان بە دەستور دووپاتدەکەینەوە، پابەندین بە گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ حکومەتی عیراق".
 لە کۆتایشدا داوای کرد پەرلەمانی کوردستان زوو کارا بکرێت لەو بارەیەوە رایگەیاند:"پێویستە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێت و هەرچی زووترە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت".

محەمەد حەسان: کارەکانی یۆنامی لە عیراق ئەمساڵ کۆتایی دێت
محەمەد حەسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق لە وتارێکیدا رایگەیاند:"  عیراق دەستی بە چاکسازی کردووە و ئێمەش پاڵپشتی دەکەین، گرنگە لەو گۆڕانکاری و جەنگانە دووربخرێتەوە کە لە ناوچەکە روودەدەن".
ئاماژەی بەوەشکرد:" دەبێت پرۆژەی تایفی لە عیراق کۆتایی بێت و رێز لە پێکهاتەکان بگیرێت".
لە کۆتایشدا ئاشکرای کرد:"کارەکانی یۆنامی لە عیراق ئەمساڵ کۆتایی دێت  و عیراق  چیتر پێویستی بە نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان نابێت، ئەو وڵاتە پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە.

عەمار حەکیم : لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردندا نین
عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە لە پانێڵێکیدا رایگەیاند:"عیراق لە 20 ساڵی رابردوودا رۆلی گەورەی لە ناوچەکەدا هەبووە،بەڵام گرنگە  خۆی لە کێشمەکێشەکانی ناوچەکە دووربخاتەوە".
 لە بارەی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش، عەمار حەکیم رایگەیاند:" گفتوگۆ باشترین بژاردەیە وڵاتانە، هەروەها باوەڕ ناکەم بیانەوێت بکەونە جەنگەوە".
 لە کۆتایشدا رایگەیاند:"  لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردندا نین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP