رۆیتەرز: گرووپە چەکدارە عیراقییەکانی سەر بە ئێران ئامادەن چەک دابنێن

کوردستان
20:01 - 2025-04-07


ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراق بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڕەشەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بپارێزن، ئامادەن خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
شەش فەرماندەی نێو چوار گرووپی چەکداری عێراقی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە: لەو کاتەوەی ترەمپ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئیدارەی ئەمریکا چەندینجار بە نهێنی هۆشداری لەبارەی گرووپە چەکدارەکانەوە بە حکومەتی عێراق داوە، ئەو فەرماندانە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام سەر بە هەریەک لە گرووپەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید شوهەدا و ئەنسارولئەوفیان، بەوتەی ئەوان، ئیدارەی ئەمریکا بە حکومەتی عێراقی راگەیاندووە: ئەگەر گرووپە چەکدارەکان چەک دانەنێن، هێرشی ئاسمانییان دەکاتە سەر.
ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەوەی ئازادن هەر بڕیارێک دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان لە ململانێیەکی رووخێنەر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوور بگرن، فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکان باسیان لەوەش کردووە: بەشێک لە گرووپەکان بارەگاکانیان چۆڵکردووە و چالاکییەکانیان لەنێو شارەکانی موسڵ و ئەنبار کەم کردووەتەوە و ترسیان هەیە هێرشی ئاسمانییان بکرێتە سەر، هەروەها بەشێکی زۆری فەرماندەکان بازنەی ئەمنیی خۆیان بەهێزتر کردووە، ژمارە مۆبایل، ئۆتۆمبێل و شوێنی مانەوەیان گۆڕیوە، سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ بەدوورگرتنی عێراق لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر خاکەکەی، فەرهان عەلائەدین، راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری دەرەوە بە رۆیتەرزی راگەیاندوە: محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی "گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ کارەکتەرە نیشتمانییە جۆراوجۆرەکانەوە پابەندە بە دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو چەکێک لە عێراق لەژێر کۆنتڕۆکی دەوڵەتدا بێت.
هەروەها بەپێی سەرچاوەیەکی لە نێو هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە نەیانویستەوە ئاشکرابکرێت بە رۆیتەرزی وتووە: سوودانی فوشارێکی زۆر دەکات کە هەموو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانن چەک دابنێن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 10 گرووپی چەکداریی لە عێراق هەن سەر بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیـن و نزیکەی 50 هەزار سەربازیان هەیە، چەندین بنکەی سەربازیان هەیە کە کۆگەی چەک و مووشەکی دوورمەودا و چەکی دژەفڕۆکەیان تێدایە، ترامپیش لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست بووەتە هەڕەشەیەک بۆ هێزانە و دیارنییە هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی چەکداری سەر بە ئێرانی تێدایە، کەی هێرشەکانی بۆسەر عێراقیش دەسپێبکات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP