25 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سیاسەتمەدارو خەباتگێڕ و نوسەری ناوداری گەلەكەمان ئیبراهیم ئەحمەد تێدەپەڕێت، ئەو تێكۆشەرە گەورەیەی گەلەكەمان كە دوای دەیان ساڵ خەبات و تێكۆشان لەپێناو دۆزی رەوای گەلەكەمان، لە 8-4-2000، لەتەمەنی 86 ساڵیدا لە لەندەن ماڵئاوایی لە خاك و نەتەوەی كورد كرد و لەدوای خۆیشی خەرمانێك لە بڵاوكراوە ئەدەبییەكانی بۆ گەلەكەمان جێهێشت.
ئیبراهیم ئەحمەد، لە 6-3-1914، لەبنەماڵەیەكی ناسراوی شاری سلێمانی لەدایكبووە، لە ساڵی 1937 لە شاری بەغدا كۆلیژی یاسای تەواو كردووە.
ژیانی سیاسی
لەساڵانی سییەكانداو لەگەڵ كۆمەڵێك خوێندكاری كورد لەبەغدا، گروپێكی بەناوی "لاوانی كورد" پێكهێناوەو گۆڤارێكیشی بەناوی "دیاری لاوان" بڵاوكردووەتەوە.
بە دامەزرێنەر و لێپرسراوی كۆمەڵەی "ژ ك" لە كوردستانی باشوور دەناسرێت، پاش رووخانی كۆماری مەهاباد، لەساڵی 1947 دا ئیبراهیم ئەحمەد و لقی "ژ ك" لەپاش كۆبونەوەیەك بڕیاریاندا بچنە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ئیبراهیم بەسەرۆكی لقی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا.
لەساڵی 1948 ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ماوەی 18 مانگ بەندكرا، دوای ئازادكردنیشی تا هەڵگیرسانی شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958، رێگای خەباتی نهێنی گرتەبەر، لەشوباتی ساڵی 1951، لەمیانەی كۆنگرەی دووەمی پارتی لە شاری بەغدا، ئیبراهیم ئەحمەد بەكۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە بەسكرتێری گشتی پارتی هەڵبژێردرا، هەر لەو كۆنگرەیەدا و لەسەر پێشنیازی مامۆستا ئیبراهیم، ناوی پارتی گۆڕا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان- عیراق.
لە هاوینی 1951 دا، لەسلێمانییەوە گوازرایەوە بۆ كەركوك، ساڵی 1961 ئیبراهیم ئەحمەد وەك سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات كاری دەكرد، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، روویكردە شاخ و لەڕووی سیاسییەوە شۆڕشەكەی بەڕێوەبردووە، پاش هەرەسی شۆڕشەكە، روودەكاتە هەندەران و زۆربەی ژیانی لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گوزەراندووە.
ژیانی ئەدەبی و رۆژنامەوانی
ئیبراهیم ئەحمەد هەر لەسەرەتای ژیانییەوە دەستی داوەتە كاری نووسین و رۆژنامەوانی، لەتەمەنی 18 ساڵیدا لە رۆژنامەی "ژیان" كاریكردووەو نۆبەرەی نووسینەكانی لەوێ بڵاوكردووەتەوە.
لەساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری "گەلاوێژ" دەردەكەن، هەربۆیە ناچار دەبێت لەساڵی 1944 دەست لەكاری میریی هەڵبگرێت.
پاش سەركەوتنی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958، مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی چەند ژمارەیەكی گۆڤاری رزگاری پێبەخشراو هاوكات بەرپرسیارێتی رۆژنامەی خەبات-یشی دەكرد.
ئیبراهیم ئەحمەد بێجگە لەو رۆژنامانەش، خاوەنی رۆژنامەی "كوردستان" بوو، كە هەڤاڵ مام جەلال سەرنووسەری بووە.
ساڵی 1961 بەهۆی بڵاوكردنەوەی وتارێكی بەڕووی دەسەڵاتدارانی عیراقدا، خەبات و كوردستان داخران و فەرمانی زیندانیكردنیش بۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەرچوو.
لە بواری ئەدەبیشدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد-ی نووسەرو پارێزەر، چەندین كاری بەنرخی نووسیوە، ئەویش بەچەند شاكارێكی بەنرخ وەك "ژانی گەل"، "كوێرەوەری"، "دوا تیری كەوان" و چەند بەرهەمێكی ناوازەی دیكە.
نامیلكەی "الاكراد و العرب"-یش كە لەساڵی 1937 بە عەرەبی نووسیوێتی، هەوڵێك بووە بۆ رێكخستنی پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب لە عیراقدا.
ماڵئاوایی یەكجارەكی
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دوای خەبات و تێكۆشانێكی نەپساوە لەپێناو مافە رەواكانی گەلی كورد، ئێوارەی 8-4-2000 لەتەمەنی 86 ساڵیدا لەشاری لەندەن كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی گەڕێندرایەوە بۆ شاری سلێمانی و لە رێوڕەسمێكی گەورەدا كە شایستەی زیاتر لە نیو سەدەی خەبات و كۆششی ئەو كەسایەتییە بوو، لەزێدی خۆی لە سلێمانی بەخاكسپێردرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP