پیرۆزباییەکان بەبۆنەى بە پارێزگابوونى هەڵبجەوە

کوردستان
18:36 - 2025-04-14

پەیامى پیرۆزبایی سەرۆک بافڵ 

 

ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە، منیش هێندەی هەڵەبجەییە سەربەرزەکان دڵخۆشم، چونکە گەیشتین بە یەکێک لەو ئامانجانەی چەند ساڵێکە هەوڵی بۆ دەدەین تاوەکو کەمێک لە ئازاری کەسوکارەکانی خۆمان کەم بکەینەوە. 

لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانم ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە داوە و لە رابردوودا پەرۆشانە لە هەوڵدابوون بۆ سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژووییە.  

بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەموومان یەک چارەنووس و مێژووی هاوبەشی پڕ لە قوربانیدان و شانازیمان هەیە و ئومێدمان پێدەخشێت کە بە یەکگرتوویی و پێکەوەییمان دەتوانین خزمەتی زیاتری گەلەکەمان بکەین. 

هەڵەبجەییە سەربەرزەکان شایەنی هەموو پاداشت و خزمەتکردنێکن، دڵنیاتان دەکەمەوە چۆن لە رابردوودا هەمیشە لەگەڵتان بووین، ئێستاش بە هەمان رۆحیەتەوە بەردەوام دەبین و پارێزگاری لە مافەکانتان دەکەین. 

لای ئێمە هەڵەبجە هیوایە بۆ ئایندەمان، ئامۆژگاریی سەرۆک مام جەلالە کە هەرچیمان لەدەستبێت دەبێت بۆ ‌هەڵەبجەی بکەین و بەپارێزگابوونیشی بەرپرسیارێتیمان زیاتر دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە بە دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە وەک یەک تیم بە پرۆژە و کارکردن خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە بکەین.  

هەر شاد و سەربەرزبن 

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری عیراق 

ئەم هەنگاوە مێژووییە کە بەدادپەروەری و مافێکی لەمێژە چاوەڕوانکراو و هەنگاوێکی ئەرێنی لەسەر ڕێگای بەدیهێنانی دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لەقێزەونترین تاوانی مێژووی هاوچەرخدا شەهید بون

گەرمترین پیرۆزبایی  ئاراستەی رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین لەپارێزگای هەڵەبجە بەبۆنەی پەسەندکردنی یاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەرێزەوە ، ئەم هەنگاوە مێژووییە کە بەدادپەروەری و مافێکی لەمێژە چاوەڕوانکراو و هەنگاوێکی ئەرێنی لەسەر ڕێگای بەدیهێنانی دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لەقێزەونترین تاوانی مێژووی هاوچەرخدا شەهید بون .

لەکاتێکدا پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەین لەهەڵەبجە و سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و بەڕێزانی ئەندامانی ئەنجومەن دەکەین بۆ دەنگدان لەسەر ئەم یاسایە کە مانای دادپەروەری نیشتیمانی و ناسینی ئازارەکانی شارێک بەرجەستە دەکات کە سیمبولێکی ئینسانی ئەبەدی لە ویژدانی عێراق و نێودەوڵەتیدا بەرجەستە دەکات.

بەبۆنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان و لە ئەمڕۆوە قۆناغێكی نوێ لە مێژووی شارەكەیان دەنووسنەوە، پیرۆزە لە هەڵەبجە و پیرۆزە لە كوردستان".

دەقی پەیامەكە قوباد تاڵەبانی

پیرۆزە لە هەڵەبجە و پیرۆزە لە كوردستان

ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان.

لە ئەمڕۆكەوە قۆناغێكی نوێ لە مێژووی شارەكەیان دەنووسنەوە. 

دوای زیاتر لە دە ساڵ هەوڵی بەردەوامی حكومەتی هەرێم و لایەنە كوردستانییەكان بە هەموو فراكسیۆنەكانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند كرد. لێرەوە سوپاسی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هەموو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەكەم كە دەنگیان بە پڕۆژە یاساكە داوە. هەروەها سوپاسی تایبەتی فراكسیۆنی یەكێتی و هەموو فراكسیۆن و لایەنە كوردستانییەكانی دیكە دەكەم كە لە هیچ هەوڵێك درێخییان نەكرد بۆ ئەنجام گەیاندنی ئەم داواكارییەی خەڵكی هەڵەبجەی ئازیز.

دەقی پەیامەکەی عیماد ئەحمەد 

عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری رایدەگەیەنێت"ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە خەباتی دوورو درێژی نەتەوەکەمان کە تیایدا  یاسای بە پارێزگابوونی  هەڵەبجەی شەهید لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند کرا و ئەو شارە ئازیزەمان بووە (19) هەمین پارێزگای عێراق.
عیماد ئەحمەد دەڵێـت: هەڵەبجە هێما و ناسنامەی نەتەوەیی کوردە، بەرجەستەی زوڵم و ستەمێکی بێ وێنەیە کە پێنج هەزار رۆحی پاکی خەڵکی بێ تاوان و ستەم لێکراوی شارەکە بووە قوربانی و   ڕژێمی فاشیستی گۆڕ بە گۆڕ بە دڕندەترین شێوە و بەچەکی کیمیاوی شارکەی بۆمب باران کرد و کارەساتێکی  وای نایەوە کە هەتا ئێستاش خەڵکی شارەکە بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەڵام هەڵەبجە بەم برینەی خۆیەوە بووە ناسنامەی کوردستان و ناساندنی دۆزی رەوای گەلەکەمان بە دنیا، زوڵمی جینۆسایدکردنی هەڵەبجە دنیای لەخەوی فەرامۆشکردنی کورد خەبەر کردەوە.  
وتیشى: لەدوای ئەو بڕیارە گرنگە، کاتی ئاوەدان کردنەوە و بەرەو پێشبردنی زیاتری شارەکە و سارێژکردنی برینی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانە ، پێویستە لەسەر حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بەشە بودجەی پارێزگا و بگرە زیاتریشی بۆ تەرخان بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی بواری پەروەردە و فێرکردن چونکە پێشتریش خەڵکی هەڵەبجە خەڵکێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و سیاسی بوون و دەیان سەرکردە و شاعیر و کەڵەپیاوی ئاینی لە شارەکەدا هەڵکەوتوون و خزمەتێکی بێ وێنەی گەلەکەیان کردووە.
عیماد ئەحمەد لەبەشێکى قسەکانى دەڵێت: بریاری پەسەندکردنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی ئازیز دڵخۆشی کردین ، دووبارە پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵکی هەڵەبجە و شارەزوور و کوردستان دەکەم و دەستی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگوشین کە هەوڵ و هیمەتی بێ وچانیان کرد تا بەم ڕۆژە مێژووییە بگەین بەتایبەتی  فراکسیۆنی یەکێنی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە شەو ڕۆژیان خستە سەر یەک تا بەم ئامانجە گەیشتین.
لەکۆتایشدا ئەوەدەخاتەڕوو کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی هەوڵ و کۆششی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەک هەڵوێستی فراکسوینە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی بەغدا و هەماهەنگی و پشتیوانی فراکسیۆنەکانی دیکەی عیراقی فیدرالە.
  و ئەمە سەرکەوتنێکی دیکەی گەلی کوردستانە لەروی نشتیمانی و نەتەوایەتیەوە.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی، بەبۆنەی پەسندكردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە پیرۆزبایی لە هەڵەبجەییەكان و كەسوكاری شەهیدان و كیمیاباران دەكات و رایدەگەیەنێت: "بەیەكگرتوویی فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەڵەبجە بوو بەپارێزگا".

دەقی پیرۆزباییەكە:

بەبۆنەی پەسندكردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هەڵەبجەییە تێكۆشەرو قارەمانەكان، كەسوكاری شەهیدان و كیمیابارانكراوانی هەڵەبجە دەكەم.

ئەمڕۆ كە 37 هەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفالە، فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەیەكگرتوویی و یەكدەنگی توانیان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسند بكەن و مژدانە بدەنە هەڵەبجەییەكان، سوپاسی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم هێزو لایەنە عیراقییەكان دەكەم كە پاڵپشت و پشتیوان بوون لە پەسندكردنی ئەم یاسایە.

دووبارە پیرۆزبایی خۆم لە خەڵكی تێكۆشەری پارێزگای هەڵەبجە دەكەم، بەهیوام بەهەمان رۆحییەتەوە، بە یەكگرتوویی و یەكگوتاری خەبات بكەین بۆ گەیشتن بەئاواتە بەدی نەهاتووەكانمان.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی

 

پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە بۆنەی بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە

بە بۆنەی بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە وەکو چوارەم پارێزگا لە هەرێمی کوردستان و نۆزدەیەمین پارێزگاش لە عێراقدا، پڕ بە دڵ پیرۆزباییەکی گەرم لە شاری هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و گشت کوردستانییانی ئازیز دەکەم، گەیشتن بەم ڕۆژە مێژووییەی کە هەموومان چاوەڕێمان دەکرد، مایەی دڵخۆشی گشت کوردستانییانە، بە تایبەت کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بکەم، کە دەنگیان بەم پڕۆژە یاسایەدا. پەسندکردنی پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەوڵ و ماندووبوونی چەندین ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەم هەوڵانە گیانی تەبایی و یەک هەڵوێستی و پەرۆشی گشت لایەنە کوردییەکان دەردەخات لە ئاست پێگە و بەهێزی هەرێمەکەمان.

هەڵەبجە لای ئێمە سیمبولی قوربانیدان و خۆڕاگریی و ئازایەتییە، خزمەتکردنی هەڵەبجە جێگای شانازییە بۆ گشت لایەکمان، هیوادارم لێرە بەدواوە فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغداد هەوڵ و ماندووبوونەکانیان چرتر بکەنەوە بۆ بەدەستهێنان و دابینکردنی بوودجەیەکی شیاو کە لە ئاست خزمەتکردنی ئەم شارەدا بێت، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە لە ڕووی بنیادنانەوە وەکو سیمای شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانێتیی و خزمەتگوزارییەوە، بکرێت بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.

سەری ڕێز و وەفاش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٤/١٤

 

رفعەت عبدوڵا پیرۆزبای لەبەپارێزگابونی هەڵەبجە دەکات

 بەبۆنەی دەنگدان‌ و پەسەندكردنی لەسەر بەپارێزگابونی هەڵەبجە و دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌ و بەهەوڵی هەمووان‌ و یەكڕیزی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغداد بەگەرمی‌ و لەدڵەوە پیرۆزبایی لەتەواوی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان‌ و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو لایەك هەیە كەئەمڕۆ بەیاسایی‌ و بەفەرمی هەڵەبجە بووە 19 یەمین پارێزگای عێراق.
تەواوبوونی ئەم رێكارە یاساییە ‌و پەسەندكردنی ئەم بڕیارە مێژووییە دەبێت زیاتر هەموومان هانمان بدات بۆ خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان ‌و هەموو لایەك ببینە پارێزەرو خزمەتكاری ئەم شارە مێژوویی‌و قوربانیدەرە لێرەوە قۆناغێكی نوێی لەخزمەت‌ و بەرەوپێشچوونی زیاتر لەگوزەرانی هاوڵاتیان‌ و سەرجەم سێكتەرەكان رەنگبداتەوە و سیمای پارێزگایەكی گەشاوە و پێشكەوتوی هەبێت كەهاوتای قوربانی خەڵكە سەربەرزو جوامێرەكەی بێت. ئەمڕۆ كە ٤/١٤ ە یادی تاوانی ئەنفال دەكەینەوە لە هەمان کاتدا دەنگدان بۆ بەپارێزگاربونی هەڵەبجە لەبەغدادەوە بەیاسایی دەدرێت گوزارشتە لەوەی ئێمە وەك نەتەوەی كورد لەبەرامبەر مەرگەساتە مێژوویەكانمان بەژیان‌ و بەردەوامی‌ و كۆڵنەدانەوە دەوەستینەوە و بەئیرادەیەكی بەهێزو ژیاندۆستیەوە لەجینۆسایدو كیمیاباران‌و ئەنفالەوە بەرەوە بەردەوامی‌ و داهێنان‌ و پێشكەوتن دەپەڕینەوە و بەجیهان دەڵێین سەرباری مەرگەسات‌ و قوربانیەكانمان هێشتا بۆ مرۆڤایەتی ‌و ئاشتی‌ و ئارامی خەبات دەکەین، جارێکی تر پیرۆزبێت لە هەموو خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵبجەییەکان بەتایبەتی ، بۆ یادی سەدو هەشتا و دووهەزار قوربانی ئەنفالی نەتەوەکەشمان سەری ڕێزو نەوازش دائەنەوێنین.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP