قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەممە (15/4/2025) بەڕێوەچوو، لەبارەی دۆخی سوریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە دواین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی روونیکردەوە گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوەدەچن و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بە زووترین کات رێککەوتن بکرێت لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرا. لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و حکومەتی هەرێم خوازیارە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا بەشدارییەکی گەورەتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمدا و بۆ ئەمەش ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەکیان پێشکەش بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP