دوای 19 مانگ شەڕ لە غەززە، ئیسرائیل دەیەوێت لەشکرکێشییەکەی بۆ نێو کەرتەکە فراوانتر بکات.
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کابینەی ئاسایشی وڵاتەکە بە سەرکردایەتی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پلانی فراوانکردنی لەشکرکێشییەکەی بۆ نێو غەزە پەسەندکردووە.
میدایای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلیەوە ئاشکرایکردوە: پلانەکە لەدوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێدەکرێت کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات بکات.
کۆبوونەوەی کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، حوسییەکانی یەمەن موشەکێکیان ئاڕاستەى فرۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەبیب کرد و نەتانیاهۆ وتی: کۆبوونەوەیەکی کابینەی ئاسایش رێکدەخات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی “قۆناغی داهاتووی” جەنگی غەزە.
ئیسرائیل لە مانگی ئازاری ئەمساڵ دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەزە کردەوە دوای شکانی ئاگربەست کە ماوەی دوو مانگی خایاند، ئێستا ئیسرائیل یەک لەسەر سێی خاکی غەزەی کۆنترۆڵکردووە و لەژیر فشارێکی گەورەی نێودەوڵەتیدایە بۆ هەڵگرتنی ئەو ئابڵوقەیەی لە مانگی ئازارەوە سەپاندوویەتی و ناهێڵێت هاوکاری بۆ خەڵکی غەزە بڕوات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP