ئیسرائیل بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لەغەززە رازی بووە، بەڵام حەماس دەڵێت، وەڵامەکەی ئیسرائیل داواکارییەکانی ئێمەی تێدا نییە و گفتوگۆی لەسەر دەکەین.
کارۆلین لڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل لەسەر پلانەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە رازی بووە، ئێستا چاوەڕێی وەڵامی حەماسن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.
دەشڵێت، بەندەکانی ئاگربەست سەرەتا بۆ ئیسرائیل نێردراوە و ئیمزایان کردووە و ئامادەیی پابەندبوونن، دواتر ناردوویانە بۆ حەماس و گفتوگۆ بەردەوامە و بەم نزیکانە بڕیار دەدەن.
باسم نەعیم سەرکردەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، وەڵامی ئیسرائیل بۆ پێشنیازی ئاگربەستی غەززە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف نوێنەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشکراوە، داواکارییەکانی بزوتنەوەکەیانی بەدینەهێناوە، بەڵام هێشتا پێشنیازەکە لەگفتوگۆدایە.
بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی خراوەتە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەم بە ئاگربەستی 60 رۆژی دەستپێدەکات و لەو ماوەیەدا نۆ بارمتە ئازاد دەکرێن و 18 تەرمیش بە دوو قۆناغ لە ماوەی هەفتەیەکدا رادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP