ماوەیەکە بەهای دۆلار لە دابەزیندایە و ئێستا 100 دۆلار بەرامبەر بە 142.150 بۆ 141.900 دینار مامەڵە پێوەدەکرێت، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراقیش دەڵێت:" بانکی ناوەندیی پلانی ستراتیژی جێبەجێ دەکات کە هاوکاریکردنە لەگەڵ بانکەکان، ئەوەش هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلارە بەرامبەر دینار".
ئەمرۆ 11ی5ی 2025،بەهای دۆلار دابەزینێکی نوێی تۆمارکرد و لە ئێستادا 100 دۆلار بە 142 هەزار و 150 دینارە دەفرۆشرێت و بە141 هەزار و 900 دینار دەکڕدرێت و رۆژانە رووی لە داشکانە.
مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت:" کەمبوونەوەی جیاوازیی نێوان نرخی رەسمی ئاڵوگۆڕ و نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی هاوتەریب (رەش)، یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی سەرکەوتنی پلانی ستراتیژیی بانکی ناوەندی بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو".
"ئەم پلانە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لە بەرزکردنەوەی سەقامگیریی بازاڕی دراو، ئەمەش کاریگەری هەیە و هۆکارێکی سەرەکیشە بۆ بەهێزبوونی بەهای دیناری عیراقی بۆ باشترکردنی ژینگەی بازرگانی و راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی." راوێژکارە داراییەکەی سەرۆک وەزیران وادەڵێت.
نرخی رەسمی بانکی ناوەندی عیراق بۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 132.000 هەزاردیناری عیراقیە، بەڵام تائێستا نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی نەگەیشتوتە ئەو ئاستە و هێشتا جیاوازییەکە 11 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی.
مەزهەر محەمەد دەڵێت:" بانکی ناوەندیی سەرکەوتوو بووە لە دانانی سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنی بۆ لێکۆڵینەوە لە گواستنەوە و کارەکانی بانک بە دراوی بیانی، ئەم رێگەیە چەندین قۆناغی تێپەڕاندووە و کاریگەریی بەرچاوی دروستکردووە لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار".
بەوتەی ئەو :" رێوشوێنەکان لە چوارچێوەی پلانی بانکی ناوەندیدایە بۆ چاکسازی لە سیستمی دارایی و بانکی و سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە هاوکاری و پابەندبوونی بەردەوامە لە نێوان بانکی ناوەندی و بانکە نیشتمانییەکاندا" راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عیراق وایوت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP