وتار :ـ ئەنجام شەوالی
هیوا وەک مۆمێک کە لەدوایین رۆژەکانیدا بێت لە دڵی هاندەرانی ریاڵ مەدرید دەسووتێت، بەڵام بە هاتنی چابی ئالۆنسۆ وەک راهێنەری یانەکە مۆم ئاگر دەبەزێنێت و ئەم گەشتەی ئالۆنسۆ بۆ مەدرید وەکوو دەواداری دەردێکی قورس دەبینرێت... چابی ئالۆنسۆ، یەکێکە لە زیرەکترین مێشکەکانی تۆپی پێی سەردەم ، بە زووترین کات لەبری کارلۆ ئەنچیلۆتی وەک راهێنەری ریاڵ مەدرید بوونی خۆی دەنوێنێت , کە ئەم هەنگاوە وەک خاڵێکی وەرچەرخان بۆ بەرەوپێش بردنی شاھانەییەکان دەژمێردرێت. جا بۆچی وانەبێت ؟ خۆ ئالۆنسۆ کەسایەتییەکی ناسراوە لەناو یانەی ریاڵ مەدرید و لەرابردوودا وەکوو یاریزان دڵ و ڕۆحی ئاوێتەی ئاڵای سپی بوو ، سەرەڕای ئەوەش سەرکەوتنی چابی ئیسپانی بەند نیە بە عیشقی شاھانە بەڵکوو وەک ستراتیژیستێک لە پیشەکەی خۆیدا توانیویەتی لە یانەی بایر لێڤەرکوزن نەوەیەکی نوێی تۆپی پێ دروستبکات. گرنگی هاتنی ئالۆنسۆ لە ریاڵ مەدرید لە چەندین رووەوە ئاشکرایە , بۆ نمونە: فەلسەفەی یاریکردنی سەردەمیانە، توانای پەرەپێدانی گەنجەکان، و گەڕاندنەوەی شکۆی یانەکە لە کیشوەری ئەورووپا کە ئەمانە دابەش دەبنە سەر چەند خاڵێک ,
یەکەم، فەلسەفەی یاریکردنی چابی ئالۆنسۆ وەک راهێنەر گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ریاڵ مەدرید. لە ماوەی کارکردنی لە لێڤەرکوزن، ئالۆنسۆ ناسرا بە راھێنەرێکی شێواز هێرشبەر و پڕ لە جۆش و خرۆش ، کە پەستانە بەرزەکان و یاریکردنی خێرای لەگەڵ بایەر لەخۆدەگرت. ئەم شێوازە نەک تەنها سەرنجی هاندەرانی ریاڵ مەدرید راکێشاوە ، بەڵکوو دەتوانێت وەک چارەسەرێک بێت بۆ ئەو کاتانەی کە یانەی شاھانە لە یارییە گرنگەکاندا کورتی ھێناوە و نەیتوانیوە زاڵی یاریگا بێت... یانەی ریاڵ مەدرید هەمیشە بە خاوەن تاکتیکی شکۆدار و پلە باڵا ناسراوە، دەتوانێت لەژێر دەستی ئالۆنسۆدا ئەم شوناسە قووڵتر بکاتەوە. کە لە بنچینەدا پلانی تاکتیکییەکانی قەڵای سپی لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکراو و دیزاینی هێرشبەری دامەزراوە، ھەربۆیە ئالۆنسۆ دەتوانێت یاریزانی وەک ڤینیسیۆس و بێلینگھام، و رودریگۆ بە شێوەیەکی باشتر بەکاربهێنێت لە وەرزی داھاتوودا , ئەمە جیا لەوەشی کە پلانی وایە لەگەڵ پێ خستنە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ زوبیمێندی لە ریاڵ سۆسیداد بگوازێتەوە و فلۆرێیان فێرتێزیش لە بایەرلیڤەرکوزن لەگەڵ خۆیدا ھاوگەشت بکات , لە خاڵێکی جەوھەری دیکەدا ، ئالۆنسۆ بەوە ناسراوە توانای زۆر بەرزی ھەیە بۆ پەرەپێدانی یاریزانی لاو . یانەی ریاڵ مەدریدیش لەم ساڵانەی دواییدا ھەوڵێکی زۆری لەسەر دانانی تیپێکی لاو و گەنج یەکخستووە و هاتنی ئەو چابی راھێنەریش ئەم ئەرکە بەرەو لوتکە دەبات کە لە پێشوودا خۆی وەک راھێنەرێکی کەم ئەزموون کە سەرکەوتوو بووە لە گەشەپێدانی ئەستێرەکان لە بایەر لێڤەرکوزن،
لە گرنگیەکی دیکەدا ، هاتنی ئالۆنسۆ دەتوانێت شکۆی ریاڵ مەدرید لە پێشبڕکێ دەرەکیەکانی دەرەوەی ئیسپانسا بگەڕێنێتەوە . چونکە لای خەڵکی شاری مەدرید " ھەر عەیبەیە" ریاڵ مەدرید، کە بە "پاشای چامپیۆنس لیگ" ناسراوە لە پاڵەوانیەتیە دڵخوازەکەی خۆی دەربکرێت , کە هەمیشە چاوەڕوانی سەرکەوتنی گەورە لێکراوە لە چامپیۆنس لیگ , ھەربۆیە ئالۆنسۆ دەرمانە! چونکە خۆی وەکوو یاریزان چامپیۆنس لیگی بردۆتەوە، تێگەیشتنێکی قووڵی لە گرنگی ئەم پێشبڕکێیە هەیە.
لە کۆتاییدا , هاتنی چابی ئالۆنسۆ بۆ ریاڵ مەدرید زیاتر لە هەر شتێک وەک دەستپێکێکی نوێ بۆ یانەیەک دەبینرێت کە هەمیشە بەرەو گەورەیی هەنگاو دەنێت. فەلسەفەی یاریکردنی پێشکەوتوو، توانای گەشەپێدانی نەوەی نوێ و ئەزموونی سەرکەوتن لە ئاستێکی بەرز، ئالۆنسۆ دەکاتە کەسێکی گونجاو بۆ سەرکردایەتیکردنی ریاڵ مەدرید لە سەردەمێکی پڕ کێبرکێ کە جیھانی تۆپی پێ بووە بە جەنگەڵ و دەیان شێرە یانەی تێدا پەیدا بووە و بەزاندنیان ئێجگار قورسە . ھەربۆیە هاندەرانی ریاڵ مەدرید ، کە بە ئومێدەوە چاوەڕوانن و گەشبینن بە راھێنەرە نوێیەکەیان و لە ئێستاوە چابی ئالۆنسۆ وەک سەمبولێک بۆ داهاتوویەکی گەش دەبینن و باوەڕویان وایە لە ژێر سەرکردایەتی ناوبراو یانەی ریاڵ مەدرید نەک تەنها دەتوانێت شکۆی پێشووی خۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵکوو دەتوانێت چیرۆکێکی نوێی سەرکەوتنی ناوازە لە مێژووی خۆی و تۆپی پێدا بنووسێت
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP