وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تۆماری بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەزار و 79 ناوەند لە عێراق بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کراونەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێم تۆماری بایۆمەتریی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێکردووەتەوە.
بەپێی ئاماری کۆمسیۆن، یەک ملیۆن و 120 هەزار و 647 کەس تۆماری دەنگدەرانیان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نوێکردووەتەوە.
بەغداد لە ریزبەندیی یەکەمی پارێزگاکانی عێراقدایە و 232 هەزار و 474 کەس تۆماری بایۆمەتریی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە و نەینەواش بە 176 هەزار و 291 کەس لە ریزبەندیی دووەمدایە.
لە هەرێمی کوردستانیش، زۆرترین نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە هەولێر بووە بە 79 هەزار و 935 کەس و لە سلێمانی 57 هەزار و 798 و لە دهۆک 42 هەزار و 946 کەس تۆماری دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP