بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش رایدەگەیەنێت، پێنج تیرۆریستی داعش دەستگیركران و مۆڵگەكانی تیرۆریستان لە جەوەڵ بۆر لەناوبران.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپیەکی بۆ کەناڵی کەرکوک نێدراوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش رایگەیاندووە " لەدوو چالاکیدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و کاری هاوبەش لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان حکومەتی عیراق، لەجەوەڵ بۆر مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعشیان خاپوورکرد و دواتر لەئۆپراسیۆنێکدا(5)تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد".
سەبارەت بە چالاکی یەکەم ئەوەخراوەتەڕوو: " لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عیراقی مۆڵگەکانی داعشیان لەناوبرد".
ئاماژەبەوەشدراوە: "ڕۆژی 29-4-2025 لە سنووری پارێزگای کەرکوک ناوچەی جەوەڵ بۆر و دەوروبەریان کێوماڵ کردو مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعشیان خاپوور کردو لەئۆپراسیۆنەکەدا دەست بەسەر بڕێک ماددە و بەڵگەنامەدا گیرا".
سەبارەت بە چالاکی دووەمیش باس لەئەوەکراوە:"لەڕۆژانی 30-4-2025 تا 4-5-2025 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای بەدواداچوون و زانیارییە هەواڵگرییەکان لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا، توانیان (5) تیرۆریستی ئەندامی چالاکی تیرۆریستانی داعش کە بەمەبەستی خۆ ڕێکخستنەوە ڕوویان لەناوچەکە کردبوو، لە سنووری ناوچەکانی ( کەلار، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، سلێمانی )دەستگیربکەن و تیرۆریستان بە ماددەکانی ( 2،4 )ی تیرۆر داواکراوبوون ".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP