هاندەرانى سیلیساو چاوەڕوانى موعجیزە لە کارلۆ ئەنچیلۆتى دەکەن !

وەرزش
15:21 - 2025-05-26



بەجۆرێک پێشوازى لە کارلۆ ئەنچیلۆتى ئیتاڵى کرا وەک ئەوەى جامى جیهانى بۆ هەڵبژاردەى بەرازیل بردبێتەوە ، رۆژى شەممە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئاهەنگى ماڵئاوایی بۆ رێکخرا و بە دڵى پڕەوە دواین ساتەکانى لەگەڵ یانە دڵخوازەکەى بەرێکرد ، دوای تەنها (24) سەعات لە وڵاتی خۆشەویستى تۆپى پێ و ئاشقانى وەرزش کە بێگومان ووڵاتى ( بەرازیل) ە پێشوازییەکى شاهانەى لێکرا ، سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى بەرازیل و سەرۆکى وڵات و ژمارەیەکى ئێجگار زۆر لە فرۆکەخانە و تەنانەت لەو ئوتێلەش ریزیان گرتبوو تاکو پێشوازى لە کارلۆى 65 ساڵان بکەن ، ئەنچیلۆتى بەدڵخۆشى و بەکڵاوێکى زەردەوە کە هێمابوو بۆ لۆگۆى یەکێتى تۆپى پێى بەرازیل دەرکەوت و سڵاوى لە ئامادەبووان کرد ، ئێستا لەو وڵاتە ئومێدێکى زۆر لەسەر تواناکانى کارلۆى مەزن هەڵچنراوە ، زۆر گەشبینن بەوەى سیلیساو جارێکى دیکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر سەکۆى نازناوەکان ، چیتر پاروی ئاسان نابێت ! ئەو سەردەمە تێپەڕى بەرازیلى گەورەو سەردارى جیهان بەدەستى بەتاڵەوە لە جامى جیهانى و کوپا ئەمریکا دەربچێت ، ئەرکەکەى راهێنەرە سەر ماشى و برنجەکە هیچ ئاسان نیە ، بۆ دوو یارى داهاتوو سەرکردایەتى هەڵبژاردەیەک دەکات کە ( ڤینیسۆس جۆنیۆ و رۆدریگۆ ) ى تێدا نابێ ، بەهۆى ئەوەى هەردو ئەستێرەکە لەگەڵ یانەى شاهانە بەشدارى لە یارییەکانى جامى جیهانى یانەکان دەکەن .
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند سەعاتى داهاتوودا لیستى ناوى ئەو یاریزانانە ئاشکرابکات کە لە پێکهاتەى وڵاتەکەدا دەبن بۆ پاڵاوتنەکانى گەیشتن بە جامى جیهانى 2026 کەبەرامبەر بە هەڵبژاردەکانى ( ئیکوادۆر و پاراگوایی ) یارى دەکەن .
 ئێستا لە شەقامى وەرزشى بەرازیل دڵخۆشییەکی زۆر بڵاوبۆتەوەو ئومێدیان بەدەستهێنانى شەشەمین جامى جیهانیە .

ئاکۆ بیبانى

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP