ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە هۆشداری بە نەتەنیاهۆ دەدات

جیهان
13:32 - 2025-05-28

ماڵپەڕی هەواڵی واڵای ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە بڵاویکردوەتەوە، " دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندوە كە دەیەوێت لەگەڵ ئێران بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی و نایەوێت هیچ شتێک ڕێگری بۆ دروست بكات".

ئاماژەی بەوەشكرد، ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریكا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە ڕەنگە نەتەنیاهۆ فەرمانی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات یان هەنگاوێك بنێت کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان شكست پێ بهێنێت.

ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشكردوە، "ترەمپ دڵنیایی دەداوەتە نەتەنیاهۆ کە هێشتا بژاردەی دوەم لەسەر مێزەکە ماوە، بەڵام ئەو پێی باشترە سەرەتا بزانێت ئایا دەتوانرێت چارەسەرێکی دیپلۆماسی بەدەستبهێنرێت یان نا".

هەروەها پشتڕاستی کردەوە، "ترەمپ هەفتەی ڕابردو هۆشداریی بە نەتەنیاهۆ داوە لە گرتنەبەری هەنگاوێک کە زیان بە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بگەیەنێت".

لای خۆشیەوە پێگەی ئاکسیۆس-ی ئەمریكی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، تەلئەبیب ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری شكستهێنانی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هێرشێکی خێرا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجام بدات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP