چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

عێراق
10:31 - 2025-06-03

چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایکرد بەگوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆسییە نیشتمانییەکان بکرێت، جەختیشی لە پێویستی دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان کردەوە و بە جەوهەری چارەسەری دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەقەڵەمیدا.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نوسینگەی عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دواین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی سیاسی و خزمەتگوزاری و هەڵبژاردن کرا.

لەبارەی پێشهاتەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوایکرد بەپشتبەستن بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ هەموو دۆسیە نیشتمانییەکاندا بکرێت، دووپاتیشیکردەوە حکومەتی فیدراڵی پابەندە بە مافی هەموو هاووڵاتییانی و هەوڵە جدییەکانی بۆ لابردنی هەموو بەربەستەکان.

چوارچێوەکە جەختی لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لەلایەن پەرلەمانی عێراق کردەوە و بە جەوهەری چارەسەری دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەقەڵەمیدا.

لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە جەختی لەوەکردەوە، پێویستە لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت، داواشیکرد هاووڵاتییانی عێراق بەشداری فراوان و کارایان لە هەڵبژاردندا هەبێت، هۆشداریشیدا لەوەی لەڕێی پارەوە کاریگەری لەسەر رایگشتی لە هەڵبژاردنەکان دابنرێت.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP