ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی مووچە دەدات

عێراق
10:41 - 2025-06-03

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکات، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەگەری خەرجکردنی سولفە بۆ مووچەی مووچەخۆران لە کۆبوونەکەدا ئەگەرێکی بەهێزە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، چەند پێشنیازێک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەخرێنەڕوو و هەوڵەکان بۆ ئەوەن بە قەرز یان سولفە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی وەزیرە کوردەکانەوە بۆ ئەوەیە پارەکە بە سولفە بێت نەک قەرز، چونکە لە ئەگەری پێدانی قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا رەوایەتی بە نووسراوەکەی تەیف سامی دەدرێت لەبارەی راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانەوە.

زانیارییەکان ئەوەشی تێدایە وەزیرە کوردەکان و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشداردەبن  و بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەوە دەدرێت.

بڕیارە لە دوای جەژن کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی مووچە، داهاتی نەوتی و نانەوتی، نووسراوەکەی تەیف سامی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP