یەکەم کاروانی حاجیانی عیراق گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد

عێراق
13:42 - 2025-06-11

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی حاجیانی عێراقی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوە کە تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی عێراقی بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی عێراقی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "گەراندنەوەی حاجیان لە سعوودیەوە بۆ عێراق بەردەوام دەبێت."
شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، سەرۆکی وەفدی حاجیانی کوردستان ڕایگەیاند، حاجیانی هەرێمی کوردستان بەسەلامەتی پرۆسەی حەجیان کرد، وتیشی، ڕۆژی 14ـ6-2025، یەکەم کاروانی حاجیانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان بەڕێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام حاجیانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ، بەرەبەیانی 15ـی 6، بەڕێگەی وشکانی دەگەنەوە شاری هەولێر.
ئاماژەی بەوەشکرد، حاجیانی هەولێر و سلێمانی لە ڕۆژی 14ـی 6، بەڕێگەی هێڵی ئاسمانی دەگەنەوە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی. 
دەستەی گشتیی ئاماری سعوودیە، ڕایگەیاند، کۆی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 673 هەزار و 230 حاجی کە لە نێویاندا پێنج هەزار و 120 حاجی کوردستانن.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP